Accessibility links

ئەمەریکا یەکەم حاڵەتی ئەو جۆرە مێکوتەی مەیمونە تۆمار دەکات کە لە ئەوروپا بڵاوبووەتەوە


بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ماسچوسێتس ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، یەک حاڵەتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ناسراو بە مێکوتەی مەیمون لە پیاوێکدا پشتڕاستکردووەتەوە کە بەم دواییە کەسەکە گەشتی بۆ کەنەدا کردووە.

نێوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا (CDC) رایگەیاندووە، تاقیگەکانیان پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە تووشبوونەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو حاڵەتە مێکوتەی مەیمون بووە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ویلایەتەکە لەگەڵ نێوەندی CDCدا و دەستە خۆجێهییەکانی تەندروستیدا کاردەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسە کێی بینیوە تا دڵنیابن لەسەر ئەوەی مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست نەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند " حاڵەتەکە هیچ مەترسییەکی بۆسەر هیچ کەس یان تەندروستی گشتی نییە. کەسەکە لە نەخۆشخانەیە و ڕەوشی تەندروستیشی باشە."

درەنگانی رۆژی چوارشەممە دەزگای تەندروستی گشتی كەنەدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا گوتی، ئاگاداری بڵاوبونەوەی حاڵەتەكانی مێکوتەی مەیمونن لە ئەوروپا و لە نزیكەوە چاودێری دۆخی ئێستا دەكەن، ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمارنەكراوە.

مێکوتەی مەیمون کە زیاتر لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئافریکا بەربڵاوە، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە هاوشیوەی مێکوتەی وردی مرۆڤ، هەرچەندە سووکترە. بۆ یەکەمجار لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ تۆمارکرا. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان لە ڕۆژئاوای ئافریکا زیادی کردووە.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە تا، سەرئێشە و پەڵەی سوری پێست کە لە دەموچاوەوە دەستپێدەکات و بە تەواوی گیاندا بڵاودەبێتەوە.

XS
SM
MD
LG