Accessibility links

رووسیا دەیان کارمەندی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەوروپا دەردەکات


ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند 85 کارمەندی باڵیۆزخانەی فەرەنسا، ئیسپانیا، و ئیتالیای دەرکردووە، وەکو وەڵامێک بۆ هەنگاوە هاوشێوەکانی ئەو وڵاتە ئەوروپیانە. بڕیارەکەی رووسیا ئاستی ئەو زیانانە نیشاندەدات لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیاوە بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ ئەندامانی پێشەنگی یەکێتی ئەوروپا کەوتووە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند فەرمانی دەرکردنی 34 کارمەندی دیپلۆماسی فەرەنسی، 27 کارمەندی ئیسپانی و 24 کارمەندی ئیتالی داوە.
ئەم سێ وڵاتە لەنێو ئەو نەتەوە ئەوروپیانەدەن کە لە دوای لەشکرکێشییەکەی 24ی مانگی 2 ەوە زیاتر لە 300 دیپلۆماتکاری رووسیان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە. لە زۆر حاڵەتدا، دیپلۆماتکارانی ڕووسیا بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار کردووە، بەڵام مۆسکۆ نکۆڵی لە دروستی ئەو بانگەشانە دەکات.

وەڵامی ڕووسیا لە مانگی رابردوودا دەرکردنی 45 کارمەندی پۆڵەندی و 40 ئەڵمانی لەخۆگرت. مۆسکۆ کرداری هاوشێوەی دژی فینلاند، ڕۆمانیا، دانیمارک، سوید، نەرویج و ژاپۆن و چەند وڵاتێکی دیکە ئەنجامداوە.
ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ڕاگەیاندنی ڕۆژی چوارشەممەی مۆسکۆی بە "کردەوەیەکی دوژمنکارانە" ناوبرد و وتی نابێت چەناڵە دیپلۆماسییەکان دابخرێن.

فەرەنسا رەخنەی لەو هەنگاوەی رووسیا گرت و بە وەڵامێکی ناڕەوای لە قەڵەمدا لەهەمبەر بڕیارێکی پاریسدا لە مانگی نیسان بۆ دەرکردنی "دەیان بریکاری رووسیا کە لەژێر پێگەی دیپلۆماسیدا لەسەر خاکەکەمان کاردەکەن و دژی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان کاردەکەن".

ئیتالیا دەڵێت دیپلۆماتکارەکانی هەمیشە بەپێی رێککەوتننامەی ڤیەننا لەبارەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە مامەڵەیان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا لەبەیاننامەیەکدا گوتی: "بۆ سەرکۆنەکردنەوەی توندی دەستدرێژیکردنی فیدراسیۆنی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ، ئیتالیا بە توندی داوای ئاگربەستی خێرا دەکات کە کۆتای بە ئازارەکانی دانیشتوانی مەدەنی بهێنێت و گەرەنتی دەستپێکردنی دانوستانە کۆنکرێتییەکان بکات بۆ چارەسەرێکی سیاسی و بەردەوام بۆ ململانێکە."

سەرچاوە: رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG