Accessibility links

ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕاهێنانێکی سەربازی هاوبەش ئەنجامدەدەن


هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بڕیارە لە هەڵمەتێکی راهێنانی ئاسمانی گەورەدا سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دابین بکات.

بڕیارە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەگەڵ فڕۆکە دابینکەرەکانی سوتەمەنی ئەمەریکا کۆتایی ئەم مانگە راهێنانێک ئەنجام بدەن بۆ تاقیکردنەوەی سیناریۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لەڕاپۆرتێکدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکا یان ئیسرائیل بدات، دەڵێت ئەو ڕاهێنانەی کە لەهەفتەکانی داهاتوودا ئەنجامدەدرێت ڕاهێنانێکی سەربازیی ئیسرائیلە بۆ ئەگەری هێرش کردنە سەر ئێران لە داهاتوودا.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە مانۆڕەکە لە رووی پانتاییەوە ناوازە و بێ وێنەیە و ئەمەش وایکردووە سوپای ئەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزی ئامادەییدا بیت.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕایگەیاندوە کە ژەنەڕاڵ مایکل کۆریێلا، فەرماندەی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕەکەدا گەیشتووەتە ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە کە بەنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی ناوکی ئێران و شەڕی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا پرسی دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتندا دەبێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتی تایمزی ئیسڕائیل ڕۆژی چوارشەممە گانتز دەگاتە ئەمەریکا.

بڕیارە گانتز لە واشنتن لەگەڵ لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری و جەیک سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا كۆببێتەوە.

ئیسڕائیل لە مێژە دژی زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناکییەکەی ساڵی 2015ی نێوام و ئێران و ئەمەریکایە.

وتووێژەکانی نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێران لەسەر زیندوو کردنەوەی رێککەوتنەکە لە مێژە بە هۆی پێداگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا وەستاوە.

XS
SM
MD
LG