Accessibility links

خوپیشاندانەکانی ئێران سیمایەکی سیاسی وەردەگرێت


بەپێی پۆستەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ناڕەزاییەکان لەسەر ئاستی ئێران کە لە چەند ڕۆژ پێش ئێستاوە بە هۆی گرانییەوە دەستیان پێکردوە، لە ئێستادا بەرەو سیاسی بوون دەڕوات و ناڕەزایی لە دروشمەکانیاندا داوای دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەکەن، و دەوترێت تاکو ئێستاش بەلایەنی کەمەوە چوار خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون.

لەهەفتەی ڕابردووەوە لە هەندێک شاری ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیەکان و خوراک لەو وڵاتەدا خۆپیشاندان دەستیپیکردوە. نرخی ئارد بە ڕێژەی 300٪ لەو وڵاتەدا بەرزبووەتەوە، و هەروەها حکومەتی نرخی هەندێک کەلوپەلی بنەڕەتی وەک ڕۆن و شیرەمەنی بەرزکردۆتەوە، و بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی نیوەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە لە ئیستادا لەژێر هێڵی هەژاریدان.

بە گوتەی شایەتحاڵەکان و پۆستە کۆمەڵایەتییەکان ئێستا خۆپیشاندەران داواکارییەکانیان فراوان کردووە، و داوای ئازادی سیاسی، و کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی ،و دەست لە کارکێشانەوەی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.

ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، خۆپیشاندەران پیشان دەدات کە وێنەی ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەیی دەسوتێنن.

گرتە ڤیدیۆییەکانی تویتەر باس لەوە دەکەن کە ناڕەزاییەکان لە دەیان پارێزگای وەک ئەردەبیل و خوزستان و لوڕستان و خۆراسانی ڕەزەوی سەری هەڵداوە، و هاوکاتیش هەندێک لە میدیاکانی سەر بە دەوڵەت دەڵێن ئارامی لە وڵاتدا نییە و دۆخەکە نائارامە.

ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئێران ئێرنا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە چەند دوکانێک لە چەند شارێکدا ئاگریان تێبەردراوە، و ئەمەش پۆلیسی ئەو وڵاتەی هان داوە کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەستگیر بکەن.

دەوترێت لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا لە ئێران، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە هەندێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە کێشەیان بۆ دروستبووە و پچراوە.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی گوت "ئێمە راپۆرتە میدیاییەکانمان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران بینیوە و ئێمە پشتگیری لەمافی ئێرانییەکان دەکەین کە بەبێ ترس لەتوندوتیژی و دەستبەسەرکردنیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان کۆ ببنەوە."

XS
SM
MD
LG