Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: لاوک ئەبوبەکر


شانۆ بە یەکێک لە دێرینترین ژانرەکانی هونەر دادەنرێت و لەگەڵ شارستانییەتەکاندا پەیوەندییەکی ڕاستەخۆ و تەبای هەیە.
لێکدانەوەکان لەسەر مێژووی شانۆ زۆرن و ڕای جیاوازیش هەن، بەشێکیان لەو بڕوایەدان سەرەتای ئەم هونەرە گەورەیە لە لاساییکردنەوە دەستپێدەکات، هەندێکی تریش دەیگەڕێننەوە بۆ حیکایەتخوانەکان و ئەو جوڵانەی جەستەیان هاوکاتی گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانەکان لەبەردەم خەڵکدا.

دیمەنێکی شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ
دیمەنێکی شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

جا سەرەتای ئەم هونەرە کەی بووبێت و لە کوێوەش بووبێت هیچ کاریگەرییەکی نەکردۆتە سەر گرنگی و بەهاکانی ئەم هونەرە لە کۆمەڵگەکاندا.
بەپێی ئەو پێداچوونەوانەی بە مێژووی شانۆدا کراون، پێدەچێت کۆمەڵگەی کوردییش لە سەروەختە دێرینەکانەوە شانۆی هەبووبێت، بە تایبەتیش کاتێک دەڕوانینە سروتە ئاینییەکان و کاتێکیش لاپەڕەی مێژووی حیکایەتخوانەکان هەڵدەدەینەوە ئەو ڕاستییە دەبینرێت، بەڵام ئەوەی لە کەیەوە ڕاستەوخۆ دەستکراوە بەم هونەرە و پەرەسەندنەکانی چۆن بوون، ئەوەیان بابەتێکی ترە.
لەگەڵ کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکانیشدا، هونەری شانۆ توانیویەتی مێژوویەکی پڕ شکۆ بۆ خۆی تۆمار بکات و توانیویشیەتی ببێتە یەکێک لەو نیشانانەی دەیسەلمێنن کورد کلتور و هونەری خۆی بەرز ڕادەگرێت و لەگەڵ شەپۆلەکانی نوێخوازی و نۆژەن کردنەوەی خۆیدا هەنگاو دەنێت.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هونەری شانۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هەڵکشان و داکشاندا تێنەپەڕیوە.

بینەرانی شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ
بینەرانی شانۆیی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆرێک لە هونەرمەندانی شانۆ باسیان لەوە دەکرد شانۆی کوردی لە قەیراندایە و ئەو قەیرانەشیان بە فرە ڕەهەند دەناساند، لە قەیرانی نواندنەوە بۆ قەیرانەکانی دەق و بینەر و ئەوانی تریش.
خۆ زۆر جاریش باس لەوە دەکرا کە تەمەنی نومایشتێک جا چەندێکیش گرنگ بووایە لە چەند ڕۆژێکی نومایشت کردن تێنادەپەڕی.

هونەرمەند شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆگەری دوا ڕۆژەکانی بابلۆ
هونەرمەند شوان کەریم، دەرهێنەری شانۆگەری دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

لەم ماوەیەی ڕابردوودا نومایشتێکی شانۆیی، جیاواز لەوانی پێش خۆی نومایشت کرا.
"دوا ڕۆژەکانی بابلۆ" ئەو نومایشتە بوو کە دەکرێت بڵێم بینەرێکی ئێجگار زۆری بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوەی جێی سەرنج بووهەر یەکێک لەو بینەرانە تامەزرۆ بوو جارێکی تریش بە دیار دوا ڕۆژەکانی بابلۆوە دابنیشێت، نە هەر ئەوەندە بەڵکو دەشبوونە هاندەر تا ئەوانەش کە چێژ لە هونەری شانۆ نابینن، کات بڕەخسێنن و ئەو نومایشتە شانۆییە ببینن.

هونەرمەند لاوک ئەبوبەکر، یاریدەدەری دەرهێنەری نومایشتی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ
هونەرمەند لاوک ئەبوبەکر، یاریدەدەری دەرهێنەری نومایشتی دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

ڕاستگۆ بم، من نومایشتەکەم نەبینیوە، بەڵام هێندەی ئەوەی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بینەری چەند بەشێکی ئەو کارە ناوازەیە بووم و هێندەی ئەوەی بابەتەکانیشم لەسەر ئەو شانۆییە دەخوێندنەوە، جێی سەرنجێکی زۆرم بوون و لێتانی ناشارمەوە لەم دورە وڵاتەوە ئەو کارە هونەرییە زۆر خۆشحاڵی کردم.
لاوک ئەبوبەکر، یاریدەدەری دەرهێنەری نومایشتی شانۆیی "دوا ڕۆژەکانی بابلۆ" وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:54 0:00

XS
SM
MD
LG