Accessibility links

یەکەم هەڵبژاردنی لوبنان لەوەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکانی بەڕێوەچوو


لوبنان یەکەم هەڵبژاردنی لەوەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکان لەو وڵاتەدا ڕۆژی یەکشەممە بەڕیوەبرد، کە زۆر کەس هیوایان خواست ئەم هەڵبژاردنە گورزێک بێت لە سیاسەتمەدارە دەسەڵاتدارەکان، ئەوانەی دەوترێت هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکانی لوبنانن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکەم تاقیکردنەوەیە بۆ بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕاپەڕینی ساڵی 2019دا، کە هیوای گۆڕانی ڕژێمی لە لوبناندا هێنایە ئاراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران هۆشداریان داوە بەو پێیەی کە هێشتا دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی حزبە مەزهەبیە تەقلیدییەکاندایە، نابێت بە خێرایی چاوەڕێی گۆڕانێکی بەرچاو بکرێت.

حیزبە سەربەخۆکانی لوبنان لەم هەڵبژاردنەدا هیواخوازن ژمارەی کورسییەکانی ئەم جارەیان زیاتر لە تاکە کورسییەکەی ساڵی 2018 بێت، هەرچەندە پێدەچێت زۆربەی 128 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە دەستی چینی دەسەڵاتداری لوبناندا کە هۆکاری هەموو قەیرانەکانی ئەو وڵاتەن، وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەوەتای دوایین هەڵبژاردنی لوبنان، ئەو وڵاتە بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەندەری بەیروت کە یەکێک لە گەورەترین تەقینەوەکانی مێژوو بوو، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابووری بووەتەوە، کە دەوترێت یەکێک لە قووڵترین قەیرانەکانی سەردەمە.

دراوی لوبنانی 95٪ ی بەهاکەی لەدەستداوە، و پاشەکەوتی خەڵک لەبانکەکان ڕاگیراوە، و مووچەی خەڵکەکە هێندە نییە بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن، و کارەبای سەرەکیش ڕۆژانە تەنیا دوو کاتژمێر هەیە.

زیاتر لە 80٪ ی دانیشتوان ئێستا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە هەژار دادەنرێن، و زۆرێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە لەهەوڵدان لە ڕێگا ترسناکەکانەوە بە بەلەم بەرەو ئەوروپا هەڵبێن.

لوبنان کە سەردەمێک بە سویسرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرابوو، لە دوایین ڕیزبەندی بەختەوەری جیهانی کە لە مانگی 3دا بڵاوبووەوە، لە دوای ئەفغانستان لە خراپترین دۆخدایە.

سەرەڕای فشاری نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی لەسیاسەتی لوبناندا، بەڵام هێشتا ئەو گەندەڵییەی کە وڵاتەکە تێیدا نوقم بووە، وا دەبینرێت لەناو پرۆسەی هەڵبژاردنیشدا وەک خۆی ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG