Accessibility links

بەریتانیا: ڕووسیا یەک لەسەر سێی هێزەکانی لە ئۆکرانیا لەدەستداوە


هەواڵگری لەشکری بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند،" ڕەنگە ڕووسیا نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو هێزە زەمینیانەی لەدەست دابێت کە ڕەوانەی ئۆکرانیای کردبوون ، و هێرشەکانی بۆ ناوچەی دۆنباس "هێزی و تینی لەدەستداوە، و تا ڕادەیەکی بەرچاو لە وادەی خۆی دواکەوتووە".

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە تویتەر رایگەیاندووە، "سەرەڕای پێشکەوتنە سەرەتاییە بچووکەکانی رووسیا لە مانگی رابردوودا، بەڵام نەیتوانیوە دەستکەوتی بەرچاوی ناوچەیی بەدەستبهێنێت، لە هەمان کاتدا بە بەردەوامی هێزی لێی براوە."

"پێدەچێت ئێستا ڕووسیا یەک لەسەر سێی ئەو هێزە زەمینیانەی لەدەستدابێت کە لە مانگی دوودا هەیبووە." ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە پێناچێت ڕووسیا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا پێشڕەوییەکەی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خێراتر بکات.

جێی باسە لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ٢٤ی مانگی دوو، سوپای ئۆکرانیا فەرماندەکانی ڕووسیای ناچار کردووە واز لە پێشڕەویی بۆ سەر کیێڤی پایتەخت بهێنن ، بەر لەوەی دەستکەوتی خێرایان لە باکووری ڕۆژهەڵات بەدەستبهێنن، و لە خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا دووریان بخەنەوە.

هێرشەکانی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا لە نزیک شارۆچکەی ئیزیۆمی ژێردەستی ڕووسیا بەردەوامە، هەرچەندە سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕاپۆرتی دا کە هێزەکانی ڕووسیا لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەی دۆنباس، کە جەختی سەرەکی شەڕە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، پێشڕەوی دەکەن.

XS
SM
MD
LG