Accessibility links

بەهۆی کێشەی زەوی و زار لە سنوری قەزای خەبات پێنج کەس کوژران و دوو کەسیش برینداربوون


لەسەر کێشەی زەوی و زار لە گوندی کەوڕەبەنی سنوری قەزای خەبات پێنج کەس دەکوژرێن و دوو کەسی تریش برینداردەبن.

کوێستان ئەحمەد قایمقامی قەزای خەبات بە دەنگی ئـەمەریکای ڕاگەیاند" کێشە و شەڕ لە نێوان دوو برا دروست دەبێت کە سەردانی گوندەکەیان دەکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێنج کەس بکوژرێن و دوو کەسیش برینداربن، لایەنێک باوکێک و سێ کوڕ کوژراون و لایەنێکی تریش کوڕێک کوژراوە و ژمارەی کورژراەکان بووەتە پێنج کەس."

قایمقامی قەزای خەبات گوتیشی" داواکاری هەر هاوڵاتیەک بێتە لای ئێمە لە هەر بوارێکدا بێت ئێمە بەجدی بەدواداچوونی بۆ دەکەین و بەپێی یاسا ئیشەکانیان بۆ جێبەجێ دەکەین."

چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی زەوی و زار بوونی هەیە کە بەو هۆیەوە شەڕ و ناکوکی و گرژی لێکەوتووەتەوە تا گەیشتووەتە ڕووداوی کوشتن و برینداربوون.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی بە یاسا کێشەی زەوی و زار لە هەرێمی کوردستاندا چارەسەرناکرێت و لەو ڕووەوە هەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق چین بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرس و کێشەی زەوی و زار لە هەرێمی کوردستاندا،؟

عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کێشەی زەوی و زار بووەتە یەکێک لە کێشە گەورە و ترسناکەکان لە هەرێمی کوردستان ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە.

یەکەمیان، کێشە لە یاساکاندا هەیە پێویستە هەندێک یاسا کە پەیوەندیدارە بە کشتوکاڵ و زەوی وزار و جوتیارەوە بەشێوەیەک هەموار بکرێت کەلەگەڵ بارودۆخ و ژینگە و ئاستی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردەواری بگونجێت. هەروەها پێویستی بە دەرکردنی هەندێک یاسای نوێش هەیە ئەو یاسایانەی کە هەن بەداخەوە بەشێکی زۆری یاسا کۆنەکانی ساڵانی سی و پەنجا وشەستەکانی تێدایە بەبێ دەستکاری و هەموارکردنەوەیان."

هەر سەبارەت بە کێشە و ڕووداوی کوشتنی ئـەو پێنج کەسە قایمقامی قەزای خەبات ئاماژە بۆ ئـەوە دەکات کە ئەوانە دەمێکە کێشەیان هەیە، دەوترێت بیست ساڵێکە کێشە لەسەر زەوی و خانوو هەیە و پێکەوە ناکۆک بوون و شەڕیان بووە.

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ ئـەم جۆرە کێشانە بۆ کەمتەرخەمی و فەرامۆشکردن و بێ خەمی حکومەت دەگێڕێتەوە و دەڵێت " بۆ نموونە یەکە ئیداریەکان، حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ زۆرچاک دەزانێت لە فڵان گوند یان هەندێک کێشە وەها هەیە بە دەمیەوە ناچێت کە زوو چارەسەریان بکات و لێپرسینەوە و بەدواداچوونیان بۆ بکات، دەبینی لە ناکاو دەتەقێتەوە و کێشەکە گەورە دەبێت و قوربانیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە."

سەبارەت بە زانیاری و وردەکاری زیاتر لەبارەی ڕووداوی کوشتنی پێنج کەس لە گوندی کەورەبەن، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە گوندی کەوڕەبەنی ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەبات دوو بنەماڵە کە برا بوون کێشەی زەوی و زاریان لە نێوان یەکتردا هەبووە و چەندین جار کێشەیان هەبووە، داوای یاساییشان تۆمارکردووە و پەڕاوی لێکوڵینەوەیان لە دادگا بووە، بەڵام دیارە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و لەو نێوەندەدا پێنج کەس کوژرا و دوو بریندار هەیە، لە لایەنی یەکەم دیارە باوکێک وسێ کوڕ کوژراون و لایەنی دووەم دیارە برایەک کوژراوە و دوو براش بریندارن، ئـەو دوو برایەی کە بریندارن ئەوانیش تۆمەتبارن چونکە لەو شوێنە بووینە کەوا حاڵەتی تەقەکردن و کێشەکە ڕوویداوە."

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕاشیدەگەیەنێت دوای ئاگاداکردنەوەی هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر چووینە شوێنی مەبەست و لێکوڵینەوەیان دەستی پێکرد و هێزێکی زۆریشمان نارد بۆ ئـەو شوێنە، دووبریندارەکەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکراون بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی و ئێستا ڕێرەوی یاسایی گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکوڵینەوەش بۆ ئـەم ڕووداوە کراوەتەوە، تەرمەکانیش ڕەوانەی پزیشکی دادی کراون بۆ ئـەوەی دواتر بە خاوەنەکانیان بدرێنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:54 0:00
XS
SM
MD
LG