Accessibility links

ناسا دەنگێکی تۆقێنەر لە کونە ڕەشەکەی کۆمەڵەی گالاکسی پێرسیەس بڵاودەکاتەوە کە 240 ملیۆن ساڵی تیشکی لە زەویەوە دوورە


ئاژانسی ئەمەریکا بۆ واڵایی (ناسا) گرتەیەکی دەنگی 34 چرکەی بڵاوکردۆتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ کونەڕەشەکەی کۆمەڵە گاڵەکسی پێرسیەس کە قەبارەکەی 11 ملیۆن ساڵی تیشکییە و 240 ملیۆن ساڵی تیشکی دوورە لە زەوی.

زانایانی ناسا دەنگەکەیان لە ڕێگەی تۆمارکردنی شەپۆلی پاڵەپەستۆی کونە ڕەشەکە لەسەر کۆمەڵە گاڵەکسییەکە دەستکەوتووە. پاشان بۆ ئەوەی گوێی مرۆڤ بتوانێت دەنگەکە ببیستێت شەپۆلەکانیان بەرزکردۆتەوە بۆ ئۆکتاڤی 57 و 58، واتا بە ڕێژەی 288هەزار کوادریلیۆن.

یەک کوادریلیۆن بریتییە لە ژمارە یەک و 15سفر بە دواوەی.

بڵاوکردنەوەی دەنگەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لەسەر ئاستی جیهاندا. بەشیك لە بەکارهێنەرەکانی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان دەنگەکە بە "دەنگی جنۆکە" یاخود "دەنگی دۆزەخ" وێنا دەکەن و لە بەرامبەردا هەندێک کەس دەڵێن "دەنگێکی نایابە."

ئەندرێی ماتڤیڤ لە یوتوبی ناسادا نوسیوویەتی، "میلۆدیەکی جوانە و لە هەمان کاتدا ترسناکە. هەمیشە ویستومە بچم بۆ واڵایی."

بەشێک لە هاوڵاتیان پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ناسا چۆن توانیویەتی کە شەپۆلی دەنگەکە تۆماربکات لە کاتێکدا واڵایی هیچ هەوایەکی تێدا نییە بۆ گواستنەوەی دەنگ. ناسا دەڵێت زاناکانی سەرەتا تۆماری ئەو شەپۆلی وزانەیان کردووە کە لە کونە ڕەشەکەوە بە ناو واڵاییدا بڵاوبوونەتەوە و دواتر شەپۆلە وزەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر شەپۆلی دەنگ.

XS
SM
MD
LG