Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت تورکیا پشتیوانی لە فینلاند و سوید ناکات ببنە ئەندامی ناتۆ


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ناتوانرێت تورکیای ئەندامی ناتۆ پشتگیری لە پلانەکانی سوید و فینلاند بکات بۆئەوەی ببن بە ئەندامی ناتۆ، هەروەها گوتیشی وڵاتانی باکوور "ماڵی زۆرێک لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن."

هەرچەندە تورکیا کە لە 70 ساڵ لەمەوبەرەوە پەیوەندی بە ناتۆوە کردووە بە فەرمی پشتگیری لە بەرفراوانکردنی ناتۆ کردووە، بەڵام دژایەتییەکەی دەتوانێت کێشەیەک بۆ سوید و فینلاند دروستبکات لە کاتێدا ئەندامە نوێیەکان پێویستیان بە کۆدەنگی ڕێکەوتن هەیە لەو بارەیەوە.

پلانەکەی فنلاند بۆ داواکردنی ئەندامێتی لە ناتۆ کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەندرا و وا چاوەڕوان دەکرێت سویدیش بە دوایدا بێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانبوونی هاوپەیمانیە سەربازیەکەی ڕۆژئاوا کە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا ئامانجی ڕێگریکردن بوو لە ڕێگەی هێرشە داگیرکارییەکانیەوە بۆ سەر ئۆکرانیا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئێمە بە دواداچوون بۆ پێشهاتەكان دەكەین سەبارەت بە سوید و فنلاند، بەڵام بۆچوونی ئەرێنیمان نییە لەو بارەیەوە، لە ڕابردوودا هەڵەبوو کە ناتۆ ڕەزامەندی دەربڕی بۆ وەرگرتنی وڵاتی گریکی وەك ئەندامی ناتۆ."

ئەردۆغان بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو گوتیشی "وەک تورکیا نامانەوێت هەڵەی هاوشێوە دووبارە بکەینەوە، جگە لەوەش وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا میوانخانەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن."

ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌وانە له‌ هه‌ندێك وڵات ئه‌ندامی په‌رله‌مانن، ناكرێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وەدا‌ بین.

یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاندبوو کە فینلاندییەکان "بە گەرمی پێشوازیان لێدەکرێت" و بەڵێنی ئەوەی دابوو کە پرۆسەی ئەندامێتییەکەیان "ڕێکوپێک و خێرا" بەڕێوەبچێت، کە واشنتۆنیش پشتیوانی لێدەکات.

بەڵام تورکیا چەندین جار ڕەخنەی توندی لە سوید و وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژئاوا گرتووە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی کە لەلایەن ئەنکەرە بە تیرۆریست دادەنرێت، لە نێویاندا گروپەکانی کوردەکانی پەکەکە و یەپەگەیە، هەروەها شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گولەن پیاوە ئاینییە ئیسلامییەکە کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە.

ئەنکەرە دەڵێت گوڵەنییەکان لە ساڵی 2016 دا هەوڵی کودەتایان داوە، بەڵام گوڵەن و لایەنگرانی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.

ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە "دەستەبژێری ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا بە نیمچە دوژمن سەیری فینلاند و سوید دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی پەکەکە و گولەنیەکان. بۆ واژۆکردنی ئەمە پێویستە ڕێکەوتنێک هەبێت لەو بارەیەوە."

وەزارەتەکانی دەرەوەی سوید و فینلاند دەستبەجێ هیچ لێدوانێکیان لەسەر لێدوانەکەی ئەردۆغان نەدا.

ناتۆ دەڵێت ئەندامێتی کراوەیە بۆ هەر "دەوڵەتێکی ئەوروپی کە لە ڕەوشێکی وادا بێت بۆ پێشخستنی بنەماکانی ئەم پەیماننامەیە و بەشداریکردن لە ئاسایشی ناوچەی باکووری ئەتڵەسی".

فینلاند و سوید لە ئێستاوە نزیکترین هاوبەشی ناتۆن، لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکاندا ئامادەگیان هەیە، بەردەوام لە دۆخی ئۆکرانیا ئاگادار دەکرێنەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ بەشداری لە مەشقە سەربازییە بەردەوامەکاندا دەکەن. زۆربەی ئامێرە سەربازییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆدا دەگونجێن و کاردەکەن.

بەڵام تا ئەو کاتەی پەیوەندی بە هاوپەیمانییەکەوە دەکەن ناتوانن سوود وەربگرن لە بڕگەی بەرگری بە کۆمەڵی ناتۆ؛ کە دەڵێت هێرشکردنە سەر یەک هاوپەیمان هێرشکردنە بۆ سەر هەمووان.

مۆسکۆ ڕۆژی پێنجشەممە ئەو ڕاگەیاندراوەی فینلاندی بە دوژمنکارانە ناو برد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد، لە نێویاندا گرتنەبەری ڕێوشوێنی "سەربازی-تەکنیکی" دیارینەکراو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG