Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: قەیرانی پارتی و یەکێتی و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم


پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە و پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتە هاوبەشەکەی نێوانیان، هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەدەبەن.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هێزی نوێی سیاسی بوونە هاوبەشیان لە دەسەڵاتدا، بەڵام هەر تەنها ئەو دوو هێزە خۆیان خاوەنی بڕیارە یەکلاکەرەوەکان بوون.
یەک دوو مانگ بەر لە شەڕی ناوخۆی ساڵی 1994ی هەرێم، گوتارێکی زبری میدیایی کەوتە نێوان پارتی و یەکێتی و ڕۆژ بە ڕۆژ وتارەکانیش بەرەو دابەشبوون و هەڵایسانی شەڕێکی خوێناوی دەڕۆیشتن تا ئەوەبوو لە مانگی 5ی هەمان ساڵدا ڕەوشەکە تەقیەوە و ئاگری شەڕ زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە تا ساڵی 1998 و ڕێککەوتنی واشنتۆنی نێوانیان.
بەرەنجامی شەڕی ناوخۆ، پێکهێنانی دوو بەڕێوەبەرایەتی بوو لە هەرێمەکەدا کە بە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز ناودێر دەکرا.
پەیوەندییەکانی ئەم دوو هێزە سیاسییە هەمیشە لە هەڵکشان و داکشاندا بووە، وەک شیکەرەوە دەڵێن پارتی و یەکێتی نە دەتوانن یەک ئەوی تریان بسڕێتەوە نە دەشتوانن ببنە خاوەنی کارنامەیەکی هاوبەشی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمە کە پێشتر تەنها 3 پارێزگا بوو، ئێستا 4 پارێزگایە.
شەڕەکەی ساڵی 1994ی نێوانیان وەک دەگوترێت لەسەر ژمارەیەک دوکان بووە لە شاری قەڵادزێ، بەڵام نکوڵیش ناکرێت لەوەی دابەشکردنی داهات کە ئەوسا تەنها گومرگەکان بوو و هەروەهاش دابەشکردنی دەسەڵات هۆکارەکانی پشت پەردەی ئەو شەڕە خوێناویە بوون کە هەزاران کەسی تیادا کوژران و بریندار بوون و هێشتاش چارەنوسی سەدان کەسیش هەر بە نادیاریی ماوەتەوە. لە ئێستادا کێشەی گەورەتری داهاتیان هەیە و ناکۆکی لەسەر نەوت و گازی سروشتی بەشێکی گەورەی قەیرانەکانن نەک ئەو دۆسێیانەی تری پەیوەندییان بە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی هەرێمەکەوە هەیە.

میوانی بەرنامە:
عەزیز ڕەئوف، نوسەر و لێکۆڵەر

دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا فشارەکان زیاتر کران بۆ سەر پارتی و یەکێتی تا ئەو دوو حکومەتەی هەیانبوو یەکبگرنەوە. ئەگەرچی حکومەتەکان یەکیان گرتەوە بەڵام تارماییەکانی دوو بەڕێوەبەرایەتی لە هەرێمی کوردستاندا زۆر بە ئاشکرایی دیاربوون و بڕیاری لایەکیان لە زۆنەکەی ئەولا نەیدەخوارد و ئاماژەکانیش بەو ئاڕاستەیەدان کە ئێستاش ئەگەر زیاتر نەبووبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمتر نییە لە جاران.
ئێستاش جارێکی تر، گوتاری زبر و یەکتر گوناهبارکردنی نێوان ئەم دوو هێزە بە شێوەیەکی توندتر و زبرتر و ڕەقتریش دەستی پێکردۆتەوە، بێ لەوەش هەردوو لایەن کەوتوونەتە پەردەهەڵماڵین و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی یەکتر و لە هەندێک باریشدا تاوانبارکردنی یەکتر بەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵک و بەرژەوەندی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
میدیای فەرمی پارتی و یەکێتی، میدیا سێبەرەکانیان، ئەژمارە تایبەت و سێبەرەکانیان لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا کەوتوونەتە وێزەی یەکتر، یەک ئەوی تریان بە خیانەت لە دۆسێ نەتەوەییەکان گوناهبار دەکات.
ئەم دەرخستنەی ڕووی یەکتر و ئەم پەردە هەڵماڵینانە لە یەکتر لە کاتێکدایە کە هێشتاش نەتوانراوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوەتی دابەش بکرێت، هێشتاش نازانرێت داهاتی تەواوەتی ئەو هەرێمە چەندە و چۆن دابەش دەکرێت، هێشتاش دۆسێی فەرمانڕەوایەتی و دیموکراتی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ، پرسیارگەلێکی زۆریان لەسەرە.
پارتی و یەکێتی لە ئێستاشدا پێکەوەن لە حکومەتێکدا کە سەرۆکی کابینە لە پارتییە و جێگرەکەیشی لە یەکێتییە، وەزارەتەکان و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان دابەشکراوە لە نێوانیاندا و هتد.
لە کاتێکدا نەیانتوانیوە یەکتر بسڕنەوە، ئایا پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بە چی بگەن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟
ئایا خواستێکی ڕاست هەیە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا تا ببنە خاوەنی بەرنامەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان؟
ئایا چ شتێک دەبێتە کارتی فشار بەسەر پارتی و یەکێتییەوە؟
عەزیز ڕەئوف، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:56 0:00
XS
SM
MD
LG