Accessibility links

فەرەنسا دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی خۆی لە ئێران شەرمەزار دەکات


وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتی فەرەنسی لە ئێران دەستبەسەرکراون و ئەو کردارەی بە دەستگیرکردنی بێبنەما وەسف کردووە و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

ئەو دوو کەسەی کە وەزارەتەکە ناوی ئاشکرا نەکردن، دواین هاووڵاتی ڕۆژئاوایین کە لە ئێراندا دەستگیر بکرێن، کە کاتێکدا چالاکوانان دەڵێن ئەمە ڕێبازێکی بە ئەنقەستی ئێرانە بۆ بەبارمەتە گرتنی خەڵکی ئەو وڵاتانە تا فشار دروستبکات.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆژێک پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دوو "ئەوروپایی" بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ "ناسەقامگیرکردنی وڵات" دەستگیرکراون.

بە پێی سەرچاوە نزیکەکانی ئەو دۆسێیە لە فەرەنسا، ئەو دوو کەسەی کە دەستگیرکراون کاربەدەستێکی یەکێتی مامۆستایانی فەرەنسا و هاوژینەکەین. ئەم دەستگیرکردنە لە کاتیکدایە کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بە بەردەوامی لە ئێران بەڕێوەدەچێت بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر باری گوزەرانیان کە چەند کەسێکیان لێ دەستگیر کراوە و ئەمەش خۆپیشاندانەکانی زیاتر کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت باڵیۆزی فەرەنسا بۆ تاران هەوڵیداوە کۆنسۆڵخانەکە پەیوەندی بکات بەوانەی کە دەستگیرکراون، لە کاتێکدا باڵیۆزی ئێران لە پاریسیش بانگکراوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە " حکومەتی فەرەنسا ئەم دەسگیرکردنە بێبنەمایانە شەرمەزاردەکات." و داواش دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

XS
SM
MD
LG