Accessibility links

ڕێکخەری یەکێتی ئەوروپا بۆ وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە


سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ڕێکخەری یەکێتی ئەوروپا بۆ وتووێژی ناوکی لەگەڵ ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکات بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئاوەکییەکەی ساڵی 2015ی ئێران.

خەتیبزادە ڕایگەیاند کە ئینریکی مۆرا جێگری سکرتێری گشتی خزمەتگوزاری کاری دەرەکی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لە تارانی پایتەختی ئێران چاوی بە عەلی باقری کانی سەرۆکی دانوستانکاری ئێران دەکەوێت.

گوتیشی ئێران دانوستانی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا کردووە کە لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەدا ماونەتەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر دەقی ڕێککەوتنەکە.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمەریکا و ئێران بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپاوە لە پەیوەندیدان.

خەتیبزادە جەختی لەوە کردەوە کە وەستانی گفتوگۆکانی ڤییەنا بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی چارەسەر لەلایەن ئەمەریکاوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لابردنی سوپای پاسدارانیان لە لیستی تیرۆردا وەک مەرجێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران ڕاگەیاندووە.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە هیچ پلانێکیان بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تێرۆردا نییە.

بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، تاران ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر سنوردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018دا یەکلایەنە لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و کۆمەڵێک سزا ئابووری قورسی بە سەر ئێراندا سەپاند.

XS
SM
MD
LG