Accessibility links

ئێران تۆپبارانی دەڤەری سیدەکان دەکات


سیدەکان
سیدەکان

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاشکرای دەکات ئێران تۆپبارانی کوێستانەکانی بەربزینی سەر بە ناحیەی سیدەکانی کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کاتژمێر هەشت و بیست خولەک تا کاتژمێر نۆ تۆپباران لە کوێستانەکانی بەربزینی سەر بە ناحیەی سیدەکان بەردەوام بوو، هیچ زیانێکی گیانی و مادیشی نەبوو، بەڵام دڵەڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە، چونکە ئێستا بەشێک لە خەڵکی گەڕاونەتەوە بۆ کاری کشتوکاڵی لەو ناوچەیە."

سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئێران بۆردومانی ئـەو‌ دەڤەرە دەکات، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان گوتی" بە ئامانجی لێدانی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆردومان دەکات بەڵام هیچ بنکە و بارەگایەکی دیار و بەرچاو لەو ناوچەیەدا نییە، بەربزێن ناوچەیەکی سنوریە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا".

بەپێی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بەهۆی ئـەو تۆپبارانەی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هاوڵاتیەک شەهیدبووە و سێ هاوڵاتیش برینداربوون کە دانیشتووی ناحیەی سیدەکانن".

چەلەبی گوتیشی"لەبەر ئـەوەی بەربزین سنوری ئێمەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیە زیاتر بۆردومان دەکرێت. ماوەی سێ ساڵە لە مانگی پێنج تا مانگی هەشت لە یەک کاتدا ئێران بۆردومانی دەڤەری سیدەکان دەکات".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان گوتی " داواکاری ئێمە و حکومەتی هەرێم ئەوەیە ئەو بۆردومانانە بێ هۆکارن تەنها زەرەر و زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بۆیە داواکارین کەوا ئـەو بۆردومانانە ڕابگیرێن و داواشمان لە هاوڵاتیانی خۆمان کردووە حاڵەتی وا کە ڕوودەدات بە زووترین کات ئـەو ناوچانە بەجێبهێڵن لە پێناو سەلامەتی خۆیان."

سوپای پاسدارانی ئێرانیش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە.

XS
SM
MD
LG