Accessibility links

هەولێر: بێریڤان ئەیوب ژنە چالاکوانی بادینان ئازادکرا


Hewler
Hewler

دوای ئـەوەی ژنە چالاکوانی بادینان بێریڤان ئەیوب لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە 2 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت ڕۆژی سێشەممە سزاکەی تەواودەکات و ئازادکرا، وەک ئـەو ژنە چالاکوانە ئاماژەی پێکردووە نزیکەی ساڵێک وحەوت مانگە دەستگیرکراوە.

دوای ئازادبوونی بێریڤان ئەیوب لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" دەستگیرکردنەکەم نایاسایی بوو و بۆ ماوەی پازدە ڕۆژیش لە ژووری تاکەکەسیدا بووم، بۆیە چەندین جار مانم لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و تەندروستیم تێکچوو، بەداخەوە کە مافەکانم پێشێلکران و ڕێگە نەدرا پارێزەر و منداڵ وکەسوکارم ببینم".

سەبارەت بەوەی دوای ئازادکردنی چ داواکاریەکی هەیە، بێریڤان ئەیوب گوتی" ئێمە کەسانی ئازادین و داوای ئازادی دەکەین تەنها بەرگریمان لە ماف و موچەی هاوڵاتیان و مافی خەڵکی کوردستان کردووە، دژی ناعەدالەتی و گەندەڵی و نادادپەروەری وەستاوین. هیوادارم سەرجەم دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێن و هیچ کەسێکی تر بەو تۆمەتە سیاسیانە دەستگیرنەکرێت".

بەپێی بەدوادا چوونەکانی دەنگی ئەمەریکا بێریڤان ئەیوب بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نشتیمانی لە لایەن دەزگا ئاسایشیەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگیرابوو ڕۆژی سێشەممە پاش تەواوکردنی سزاکەی ئازادکراوە.

بێریڤان ئەیوب خەڵکی پارێزگای دهۆکە و لە تەمەنی 35 ساڵیدایە و خاوەنی پێنج منداڵە.

XS
SM
MD
LG