بەرپرسانی تەندروستی عێڕاق ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بەلایەنی کەمەوە 12 کەس بەهۆی تای خوێنبەربوونی کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵێکی ڕژد گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "کۆی گشتی حاڵەتەکانی پەتای خوێنبەربوون 55 حاڵەتن و لە نێوانیان 12 حاڵەتی گیان لەدەستدان تائێستا تۆمارکراون."
بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگەی ئەسپێ دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونێکی زۆر لە مرۆڤدا. ڕێکخراوەکە دەڵێت هۆکاری بڵاوبوونەوەی لە ناو مرۆڤدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتنی خەڵک لەگەڵ خوێنی ئاژەڵێکی توشبوو.
ڕێژەی گیان لە دەستدان بەو نەخۆشییە %10 بۆ %40 ی کۆی حاڵەتەکانە.
پارێزگای زیقار لە باشوری عێراق کە ناوەندێکی بەخێوکردنی مانگا و جۆرەکانی تری مەڕوماڵاتە 29 حاڵەتی توشبوون و 6 حاڵەتی گیانلەدەستدانی تێدا تۆمارکراون.
ڕۆژی هەینیش لە پارێزگای کەرکوک یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی تای کۆنگۆوە ڕاگەیەندرا.
سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "بڵاوبوونەوەکە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی پەتا، بەڵام توشبووەکان لە ساڵی ڕابردوو زیاترن."
هەروەها گوتیشی، "ئەو ڕێوشوێنانەی کە لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە گیراونەتە بەر کەموکوڕی و نایەکسانی تێدایە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کوشتارگە نا ڕێکوپێکەکانەوە هەیە."
لە هەڵمەتێکدا دەسەڵاتداران چەندین کوشتارگەیان داخستووە بە گومانیانی سەرپێچی ڕێنماییە تەندروستیەکانیان و لە چەندین پارێزگا هاموشۆی هاتنەناوەوە و هاتنەدەرەوەی مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانیان قەدەغەکردووە.
سەرچاوە: فرانس پرێس