Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەرگری لە سیاسەتەکەی دەکات بەرامبەر ئۆکرانیا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز کە بە ڕابەرایەتی سست و لاواز تۆمەتبار دەکرێت سەبارەت بەو سیاسەتەی لە سەرەتای ‌هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پەیڕەوی کردووە، جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو ئەو شتانەی لێی داوا دەکرێن جێبەجێیان ناکات.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە لێدوانێکی پەخشی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی ساڵ ڕۆژی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی گوتی مەرج نیە هەرچییەکم لێ داواکرا جێبەجێی بکەم، چونکە وەک دەڵێت من کاتێک ئەم پۆستەم گرتە دەست سوێندم خوارد زیان بە گەلی ئەڵمانیا نەگەێنم بە واتای ئەوەی کە پارێزگاری لە وڵات و لە هاوپەیمانانمان بکەم لە کاتی مەترسیدا.

جێی ئاماژەیە ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا ڕاوێژکاری وڵات تۆمەتباردەکەن بە دواکەوتن لە دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ ناردنی چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە تاویان سەندووە بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دان نەنێن بە هیچ ناوچەیەکدا کە ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستی بەسەردا گرتووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG