Accessibility links

بەشار ئەسەد سەردانی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات


بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕۆژی یەکشەممە لە گەشتێکی لەپێش ڕانەگەیەندراودا لەگەڵ شاندێکی سوریا گەشتی بۆ ئێران کرد، و لەگەڵ ڕێبەری ئێران ئایەتوڵا خامنەیی و سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی کۆبوویەوە.

نورنیوز کە سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە ڕایگەیاندوە کە بەشار ئەسەد دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆکان، تارانی بەرەو دیمەشقی پایتەختی سوریا بەجێهێشتوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فارس، ئایەتوڵا خامنەیی لەو دیدارەدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی گرتوە کە" کۆڕ و دانیشتن و قاوە خواردنەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل هەیە" و بە ئەسەدی گوتوە ڕێز و متمانەی سوریا لەئێستادا زۆر زیاترە لە پێشتر.

لەم چەند مانگەی دواییدا بەرپرسانی ئیمارات دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا هەبووە.

هاوکاتیش نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەم دواییانەدا لە رێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتن سەرۆکی ڕووسیا کە لایەنگری بەشار ئەسەدە قسەی کردوە.

جێی وتنە پێگەکانی ئێران و ئەو هێزانەی کە پشتیوانیان لێدەکات چەندین جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە لە سوریا کراونەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت ناهێڵێت ئێران لە سوریا و لە نزیک سنوورەکانی پێگەی سەربازی دابمەزرێنێت.

XS
SM
MD
LG