Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا لەکۆبوونەوەیەکی ڕێبەرانی وڵاتانی جی 7 بەشدار دەبێت


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی 7، کە گەورەترین ئابووری جیهانن لە رێگای ئۆنڵاینەوە کۆ دەبێتەوە.

ڕێبەرانی بەریتانیا و کەنەدا و فەرەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و ئەڵمانیا و ئەمەریکا، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی ڕووسیا نیشان بدەن. وڵاتانی گرووپی جی 7 بەڵێنیان داوە بە ملیارەها دۆلار یارمەتی سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕەوانە بکەن.

کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژێک پێش ئاهەنگی ساڵانەی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕووسیایە، کە تێیدا بڕیارە یادی 77 ساڵەی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا بکرێتەوە. ئەو ڕۆژە لە سەرتاسەری ڕووسیا پشووی فەرمییە و بە نمایشی سەربازیی ئاهەنگ دەگێڕن.

بەرپرسانی ئۆکرانی هۆشدارییان داوەتە هاوڵاتیان کە چاوەڕێی زیاتربوونی تۆپبارانەکانی ڕووسیا بن لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەدا.

زێڵێنسکی لە گوتاری ڕۆژانەی خۆیدا لە ڕۆژی شەممە بۆمبارانی مۆزەخانەیەک لە ناوچەی خارکیڤ لە لایەن ڕووسیاوە، کە تایبەت بوو بە فەیلەسووف و شاعیری سەدەی هەژدەیەم گریگۆری سکۆڤرۆدا، سەرکۆنە کرد.

ئەو گوتی ڕووسیا نزیکەی 200 شوێنی کلتوری ئۆکرانیای وێران کردووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند دوای بۆمبارانی قوتابخانەیەکی گوندی بیلۆهۆریڤکای ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە پێدەچێت 60 کەسی تێدا کوژرابێت.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کیێڤ ڕایگەیاندوە کە هەموو ژن و منداڵ و بەساڵاچووان لە کارگەی پۆڵای ماریۆپۆل کە لە لایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەمارۆدراون، گوازراونەتەوە.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان هێزەکانی ڕووسیایان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ململانێیەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG