پارێزگاری هەرێمی لوهانسک ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە دەرئەنجامی بۆردومانی ڕووسیا بۆ خوێندنگایەکی گوندی لە ناوچەیەکی لوهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئوکرانیا، مەترسی دەکرێت بەلایەن کەمەوە شەست کەس کوژرابن.
پارێزگار سیرهی گایدای گوتی هێزەکانی ڕووسیا پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بۆمبێکیان بە خوێندنگەکە لە بیلهۆریڤکا هاویشتووە، کە نزیکەی 90 کەس داڵدەیان تیا دەدا، و بەو هۆیەوە ئاگرێک کەوتبووە کە تێکرای بیناکەی گرتەوە.
گەیدای لە پەیامێکدا لە تلگرام نوسیویەتی: "ئاگرەکە پاش نزیکەی چوار کاتژمێر کوژاوەتەوە، پاشان خۆڵ و خاشاک پاککرایەوە و بەداخەوە تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە"
گوتیشی لەگەل ئەوەی 30 کەس لەو باڵەخانەیە گواسترانەوە، کە حەوتیان بریندار بوون، بەڵام پێدەچێت 60 کەسی لە ژێر خاشاکی بیناکەدا مردبن.
ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی هێزەکانی ڕوسیایان بەوە تۆمەتبارکردووە کە لەشەڕەکەدا هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج کە مۆسکۆ ڕەتیدەکاتەوە.
بەرپرسانی ئۆکرانیا هۆشدارییان داوە بە دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە پێدەچێت ئەم هەفتەیە شەڕەکان لەگەڵ سوپای ڕووسیا چڕتر بکرێنەوە، لە کاتێکدا ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕووسیا لە ڕۆژی دووشەممەدا نزیک دەبێتەوە، یادی 77 ساڵەی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا.
لە لایەکی ترەوە، لە شاری بەندەری وێرانی ماریۆپۆل لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ، لە ئۆپەراسیۆنێکی کە ماوەی هەفتەیەک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە ئەنجام درا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان کە زیاتر ئەو ژن و منداڵ و بەساڵاچووانەی لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستال لە ماریوپول گیریان خواردبوو، ڕزگارکران و گوازرانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەفسەرانی سەربازی ئۆکرانیا دەڵێن هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کارگەکە بەردەوامە.