Accessibility links

ئیمانوێل ماکرۆن سوێندی دەستوری بۆ گەڕی دووهەمی سەرۆکایەتی خوارد


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی شەممە سوێندی دەستووری بۆ گەڕی دووەمی سەرۆکایەتی خوارد، سوێندی خوارد کە ڕابەرایەتی وڵاتەکە "بە شێوازێکی نوێ" بکات.

لە وڵاتێکدا کە بە دەگمەن سەرۆکەکان دووبارە هەڵدەبژێردرێنەوە، ماکرۆن لە خولی دووەمدا لە 58.5٪ ی دەنگەکانی بە دەستهێنا لە بەرامبەر مارین لی پێن ڕکابەری توندڕەوی ڕاستڕەو، سەرەڕای دژایەتی بەهێزی بۆ سیاسەتی پشتیوانی کاری بازرگانی و پێشنیاری بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشین بوون.

ماکڕۆن لە وتارێکی کورتدا باسی لە پێویستی داهێنان کرد، لە کاتێکدا ئاڵنگاری بێوێنە ڕووبەڕووی جیهان و فەرەنسا دەبێتەوە. گوتیشی گەڕی دووهەمی سەرۆکایەتیەکەی خولێکی نوێ دەبێت، نەوەک تەنیا درێژەپێدانی پێنج ساڵی یەکەمی کارەکەی.

ئاماژەشی بەوە کرد "پێویستە ڕێگایەکی نوێ پێکەوە دروست بکەین، کە بتوانین لەو ڕێگەیەوە گرێبەستێکی نوێی بەرهەمهێن و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دروست بکەین."

هەروەها تیشکی خستە سەر هەڕەشەی داگیرکارییەکانی ڕووسیا هەیەتی بۆ سەر ئۆکرانیا و مەترسیەکان لەسەر ژینگەی جیهان.

گەڕی دووهەمی سەرۆکایەتی بە فەرمی ڕۆژی شەممەی داهاتوو 14ی ئەم مانگە دەستپێدەکات.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ماکرۆن سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ بکات بە بۆنەی "ڕۆژی ئەوروپا."

لە هەمان ڕۆژیشدا لە یەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات لە وەتای دەستبەکاربوونەوەی، بەرەو بەرلین بەڕێ دەکەوێت تا چاوی بە سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف شولز بکەوێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG