لە کۆتایی مانگی سێ، کاتێک سوپای ڕووسیا لە شارۆچکەی بوچا کشایەوە، ئەوێ شوێنێکی سەوزەڵان بوو لە نزیک پایتەختی ئۆکرانیا، یادەوەری ئەو داگیرکارییە کوشندەیەیان بۆ هەموو جیهان بەجێهێشت. تەرمەکان لە شەقامەکاندا بڵاوبووبونەوە، خانووە جوانەکانیان پڕبوون لە خاشاک و داروپەردوو، کێڵگەیەک لە نزیک کڵێسای شارۆچکەکەوە بووبوو بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ.
ئێستا داواکاری گشتی ئۆکرانیا و تیمە نێودەوڵەتیەکان دەستبەکاربوون بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بەرپرسانەی کە گوایە دەستیان هەبووە لەو دڕندەییەدا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لێکەوتەکانی کشانەوەی بە پەلەی ڕووسیای پشکنیوە و بەڵگەی زیندوو و گرنگی ناسنامەی دانە بەدانەی هەندێک لەو سەربازانە و ئەو یەکە سەربازییە ڕووسیانەیان دۆزیوەتەوە کە لە کاتی ئەو داگیرکارییە کوشندەیەدا لەوێ بوون.
کە پێکهاتبوون لە هێزی دەستەبژێری سەربازی کە پاسەوانێکی پێشووی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن سەرپەرشتی دەکات. تیمی پەرەشووت کە بەهۆی ئەوەوەی ڕۆڵیان لە جەنگە نهێنی دوورودرێژەکەی مۆسکۆ لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا هەبووە خەڵاتکراون و وە هێزە چیچانییەکان کە هاوپەیوەندن بە سەرکردە بەهێزەکەی هەرێمی ڕوسیاوە. هاوکات بەدوای سەربازانی هێزی پەڕشوتدا گەڕاون بەهۆی ئەو نامەی خۆشەویستیەوە کە لەناو خاشاکی زبڵەکاندا دۆزراوەتەوە.
ڕۆژنامەنوسانی ڕۆیتەرز سێ هەفتەیان لە بوچا بەسەربرد و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زیاتر لە 90 دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیدا کردوە و پێداچوونەوەیان کردوە بە وێنە و ئەو بەڵگە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە بڵاوکراونەتەوە، هاوکات لێکۆڵینەوە لەو بەڵگەنامانە دەکەن کە لە لایەن ڕووسەکانەوە بەجێماوە. زۆربەی بەڵگەکان و شایەتحاڵەکان سەرنجیان خستۆتە سەر شەقامی یابلۆنسکا واتە شەقامی داری سێو، شەقامەکە 4 کیلۆمەتر و نیو دەبێت و کەوتۆتە کەنار باشووری بوچاوە، لاشەی خەڵکی مەدەنی لەو ناوە بە ئاشکرا کەوتبوون و بەجێهێڵدرابوون، زۆر وردەکاری دەربارەی ئەو هێزە داگیرکەرەی ڕوسیا و زنجیرەی سەرۆکایەتیکردنی ئەو هێرشانە بۆ یەکەمجار لێرە باسکران و بڵاوکراونەتەوە.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە بوچا پرسیاریان لە وتەبێژی کرێملین دیمیتری پسکۆڤ کرد و لە وەڵامدا وتی "چیرۆکی بوچا ساختەیە بۆ وردەکاری زیاتر پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرگریەوە بکەیەت". نە وەزارەت و نە سوپای ڕووسیا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزیان نەدایەوە.
دۆکیومێنتێک لە بەردەستدایە کە ناسنامەیە و لە شوێنی ڕووداوەکە دۆزراوەتەوە، لەوکاتەدا کە سەربازانی هێزەکانی ئاسایشی ڤیتیاز-ی ڕووسیای لە نێو ئەو هێزە داگیرکەرانەدا بوون، کە بۆ یەکەم جار ئەوە ئاشکرا دەکات کە هێزی ڤیتیاز لە بوچا بوون، لە ژێر فەرمانی گاردی نیشتیمانی ڕۆسگڤاردیادایە. سەرۆکەکەی ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤە کە لەو بارەیەوە هیچ لێدوانی نەداوە و پاسەوانێکی پێشووی پوتنە و ڕاستەوخۆ پابەندی هەنگاوەکانی سەرۆکی ڕووسیایە.
یەکێک لە بەڵگەکانی دیکەش نامەیەکی خۆشەویستیە کە لە ماڵێکدا دۆزراوەتەوە کە ئەو ماڵە لەلایەن سەربازە ڕووسیەکانەوە داگیرکراوە، یارمەتیدەر بووە لە ئاشکراکردنی ئەوەی کە تیمی 76 ی گاردی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردۆتە سەر شارۆچکەی بوچا، کە هێزێکی پەڕەشوتوانی پسکۆڤ بوون لە باکوری ڕۆژئاوای ڕووسیا. بۆ یەکەمجار ئاژانسی ڕۆیتەرز بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاپۆرتەکانی هاوپەیوەند کرد بە دابەشبوونی ئەو هێزانە کە کردەوەی توندوتیژی و پێشلکاریان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە.
پێشتر لە ساڵی 2014دا پوتن ڕیزبەندی تیمی 76 ی خەڵات کرد بوو بەهۆی ئەوەوەی کە هەستابوون بە ئەنجامدانی ئەرکێکی لەشکری کاتێک ڕووسیا لە شەڕێکی نهێنیدا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا. پوتین لە سەردانێکدا بۆ بنکەی تیمەکە لە ساڵی 2020 پێیوتوون "گەلەکەمان شانازیتان پێوە دەکەن" ئەم دابەشکردنە بە سەرپەرشتی وەزیری بەرگری سێرگی شۆیگو سازکراوە کە هاوپەیمانێکی نزیکی پوتنە کە لەوکاتەدا ڕۆژانی پشووەکەی لەگەڵ سەرۆکدا بەسەربردووە. بەڵام نە وەزارەتی بەرگری و نە شۆیگو وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزیان نەدایەوە.
رۆیتەرز لە ڕێی چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان شایەتحاڵ و شیکردنەوەی پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی تەکنیکی هەواڵگری سەرچاوەکان بۆ هاوتاکردنی ڤیدیۆکە لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە ڤیدۆکانی لێ گیراوە، بۆیان دەرکەوتووە کە بەلایکەمەوە سێ یەکەی چیچانیەکان لە ماوەی مانگی سێ دا لە دەوروبەری بوچا بوون کە ئەو هێزانە هاوپەیمانن لەگەڵ ڕێبەری چیچان ڕەمەزان قادیرۆڤ کە پشتیوانێکی سەرسەختی ڤلادیمێر پوتنە. شایەتحاڵەکان وتیان کە هێزەکانی چیچانیان لە ناو خودی بوچا دا بینیوە، دەسەڵاتدارانی چیچان وەڵامی ئەو پرسیارانەیان نەداوەتەوە کە سەبارەتە بە چالاکی هێزەکانیان لە هەرێمەکەدا.
لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانەی کە زیاتر لە 400 حاڵەتی کوشتنیان لە بوچا تۆمارکردووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پوتنی وەک "تاوانبارێکی جەنگ" شەرمەزار کرد، کرێملین وتەکانی بایدنی بە "جێی لێخۆشبوون نیە" شەرمەزار کرد و ئەوان ڕەتیان کردەوە کە هێزەکانیان کاری دڕندەییان ئەنجام دابێت و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وێنەی ئەو لاشانەی کە لەسەر شەقامەکانی بوچا کەوتوون ساختەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز