Accessibility links

ڕێبوار عەبدولڕەحمان: پەیامەکەی سەدر ئێمە ناگرێتەوە، چونکە لە سەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆمان ڕاگەیاندووە


گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پەیامەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کرد هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن، ئەوان ناگرێتەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕێبوار عەبدولڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق، دەڵێت "پێشنیارەکەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیش ئاراستەکراو نیە بۆ ئێمە وەکو نەوەی نوێ، چونکە هەر لەسەرەتاوە چوونە نێو حکومەتمان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ڕادەبینم، بتوانن یەکگرتوو بن و ڕوئیایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکان."

جەختیشیکردەوە"گەر کاندیدی سەربەخۆ و بێ لایەن بۆ سەرۆک وەزیران و وەزارەتەکان پێشکەش بکرێ، ئێمە سەیری بەرنامەکەی دەکەین، بەرنامەی کاری حکومەتەکەی لە خزمەتی خەڵکدا بێت و بەشێک لە کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، ئامادەین دەنگی پێبدەین."

وتەبێژی نەوەی نوێ هیواشی خواست، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ڕیزەکانی خۆیان یەکبخەن و وەڵامێکی یەکگرتوویان بۆ ئەو پێشنیارانە هەبێت کە خراوەتە بەردەمیان.

سەبارەت بەهۆکاری هەڵدانی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، ڕێبوار عەبدولڕەحمان دەڵێت"هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک دەنگی یەکلایی کەرەوەی دەبێت لە یەکلایی کردنەوەی بەشێک لە پرۆسەکە، ئەو پرۆژانەی هەیە چ لەلایەن سەدر و چ چوار چێوەی هەماهەنگیشەوە، لەو ڕوانگەوەیە وەکو یەک پاکێج سەیری هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک و سەربەخۆکان دەکەن و دەنگی یەکلایی کەرەوەشن لەنێو پەرلەماندا."

ڕێبوار عەبدولڕەحمان وتەبێژی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەگەری بە ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕەوتی سەدر، گوتی"هیچ شتێک موستەحیل نیە، هەموو شتێک پێشبینیکراوە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر سیاسەتی ڕەوتی سەدر، سەدر زۆرترین کورسی هەیە لەپەرلەمانی عێراق، بێگومان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەو شێوەی کە خۆی دەیەوێت."

پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای پێکهێنانی حکومەتی لێکردوون، ژمارەیان نزیکەی 40 پەرلەمانتار دەبێت، بەڵام بەشێکیان بەشێوەی تاکەکەسی کاردەکەن و تا ئێستا نەیانتوانیووە دەنگیان یەکخەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00

XS
SM
MD
LG