Accessibility links

بۆچی موسڵمانان لە ڕۆژی جیاوازدا جەژن دەکەن؟


موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان ئەم هەفتەیە جەژنی ڕەمەزانیان پیرۆزکرد, دوای مانگێک لە ڕۆژوگرتن و خوداپەرستی.

بەڵام ڕاگەیاندنی جەژن لای کۆمەڵگە موسڵمانەکان لە چەند ڕۆژێک جیاوازدا بوو، وڵاتی ئەفغانستان کە زۆرینەی پێکهاتەی سوننەیە لە ژێر فەرمانڕەوایی گروپی تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممەی وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکرد، لە کاتێکدا وڵاتە سوننەکان ڕۆژی دووشەممە و ئێران و زۆربەی کۆمەڵگە شیعەکان ڕۆژی سێشەممەیان کرد بە جەژن.

لە عێراق، پێکهاتە سونییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی دووشەممەیان بڕیاردا بۆ جەژن، لە کاتێکدا شیعەکان لە ژێر ڕۆشنایی ڕاگەیاندنی ئایەتوڵا عەلی سیستانی ڕۆژی سێشەممە کردیان بە جەژن.

بەگوێرەی ئاژانسی بی بی سی، پەیڕەوکارانی شیعە و سوننە لە عێڕاق ساڵی 2016 بۆ یەکەمجار دوای چەندین ساڵ بەیەکەوە هەمان ڕۆژ جەژنی ڕەمەزانیان دیاریکرد.

بەشێک لە شارەزایان دەڵێن جیاوازی دیاریکردنی ڕۆژی جەژن لە ناو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان سەرەڕای ئاستەنگەکان و تێڕوانینە جیاوازەکان بۆ بینینی مانگ پەیوەستە بە جیاوازیە سیاسیەکانەوە.

ئاستەنگەکانی بینینی مانگ

بەگوێرەی ڕۆژمێری ئیسلامی، جەژنی ڕەمەزان دەکەوێتە یەکەم ڕۆژی مانگی 10 یاخود شەوال.

بۆ دیاریکردنی ئەم ڕۆژە موسڵمانان پشت دەبەستن بە فەرمودەیەکی پەیامبەر موحەمەد کە داوادەکات، "ڕۆژو بگرن بە بینینی مانگ و بیشکێنن بە بینینی مانگ."

بەگوێرەی لوقمان حەوێز، ئەندامێکی کوردی کۆمەڵەی گەردوونناسی تەکساس، لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتن لە زانستی گەردوونناسی "لە ڕێگەی ڕوانگە کردنی گەردوونی دەتوانین دەستپێک یان سەرەتای هەموو مانگێک لە ڕۆژمێری مانگی تا ڕادەی خولەک و چرکە بزانین."

بەڵام کۆمەڵگە موسڵمانەکان لە هەندێک وڵات دەڵێن پێویستە مانگی نوێ بەچاو ببینرێت بەبێ پشت بەستن بە ئامرازە تەکنەلۆجیەکان.

لە وڵاتی سعودیە زۆرینەی موسڵمانان پەیڕەوکەری قوتابخانەی حەنبەلین کە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەڵێت پێویستە دوو کەس بەچاو بینینی مانگ پشتڕاست بکەنەوە.

لە وڵاتی تورکیا کە سیستەمی دەوڵەت سێکولارە پشت دەبەسترێت بە لێکدانەوەی گەردوونی Astronomical calculation)).

شایەنی باسە، ساڵی ڕابردوو میرنیشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی و ئیسڕائیل ڕێککەوتنێکی گرنگیان واژوو کرد بە مەبەستی کارکردنی هاوبەش لە بواری واڵایی. لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنەکە، خوێندکارانی ئیسرائیل و ئیماراتی بەیەکەوە کاردەکەن بۆ بەرهەمهێنانی سەتەلایتێک بۆ چاودێری مانگ. سەتەلایتەکە لە ڕێگەی پڕۆژەی واڵایی ئیسرائیلی Beresheet 2 دەگوازرێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 2024 و بەکاردەهێندرێت بۆ چاودێری کردنی مانگ بۆ دیاری کردنی ڕۆژمێری ئیسلامی و عیبری.

"پاڵنەری سیاسی"

موحەمەد حسێنی، وتاربێژ و نوسەری ئاینی لە شاری سنە کە خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی قورئان و حەدیس، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە جیاوازیەکان لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە لێکدانەوە فیقهیەکان لە نێو قوتابخانە جیاوازەکانی ئیسلام.

موحەمەد حسێنی ڕایگەیاند، "لەم دواییە بابەتی سیاسیش تێکەڵاو بووە بەشێوەیەک کە هەرلایەک دەیەوێت بڵێت من سەنتەری ئاینیم."

ئەو ئاماژەی بە وتەیەکی پەیامبەر موحەمەد کرد کە دەڵێت ٣٠ ڕۆژی مانگی ڕەمەزان تەواو بکەن ئەگەر هاتوو بەهۆی ناڕوونی کەشوهەوا نەتان توانی مانگ ببینن.

ئەو شارەزا ئیسلامییە ڕایگەیاند، " پێغەمبەر، درودی خوای لێبێ، لای گرنگ نییە ڕۆژێک ئەملا یا ڕۆژێک ئەولا بێت. ئەوەی لای ئەو گرنگە بریتییە لە یەکڕیزی و هەماهەنگی مسوڵمانان بۆ ئەوەی یەک ڕۆژ دیاریبکەن. مسوڵمانان ئەمرۆ پەی بەوە نابەن و شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن ئاخۆ مانگیان بینیوە یا نەیانبینوە. دواتر تێکەڵاوی دەکەن بە کەرەستەی سیاسی بەشێوەیەک کە عەرەبستان ڕۆژێک ڕادەگەیەنێت و تاڵیبان ڕۆژێک ڕادەگەیەنێت و ئێران ڕۆژێکی تر."

شایەنی باسە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانیە ناوخۆکانی ئەفغانستان وەرگیراوە، گروپی تاڵیبان کە بە فەرمی ڕۆژی یەکشەممەی دیاریکردبوو وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ڕێگری لە پەیڕەوکەرانی شیعە گرتووە کە ڕۆژێک دواتر جەژن بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، چەکدارانی تاڵیبان لە هەندێک ناوچە بە زۆر پەیڕەوکارانی شیعەیان ناچارکردووە کە ڕۆژوەکانیان بشکێنن.

XS
SM
MD
LG