Accessibility links

ڕۆیتەرز: وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئومێدێکی کەمیان بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ئێران ماوە


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت بەرپرسانی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر بێ هیوا بوون لەوەی بتوانن رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران زیندووبکەنەوە و و ناچارن بۆ سنوردارکردنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بە دوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە لایەنەکان بە تەواوی دەستیان لە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە هەڵنەگرتووە، بۆچوونی زاڵ لە نێو بەرپرسانی رۆژئاوایدا ئەوەیە زیندووکردنەوەی رێکەوتنەکە مەحاڵە. ئەو ڕێکەوتنە سنووری دانابوو لەسەر تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆن تا نەتوانێت چەکی ئەتۆم دروست بکات.

سەرەتای مانگی3 ڕێککەوتنەکە هێندەی نەمابوو زیندوو بکرێتەوە کاتێک یەکێتی ئەوروپا، کە ڕێکخەری گفتوگۆکانە، بانگهێشتی وەزیرەکانی کرد تا لە ڤییەنا بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام گفتوگۆکان لەسەر داوایەکی ڕووسیا و سووربوونی ئێران لەسەر سڕینەوەی ناوی سوپای پاسداران لە ڕێزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمەریکادا هۆکاربوون بۆ ئەوەی گفتوگۆکان نەگەنە ئەنجام.

ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا دژی داواکەی تاران بوون بۆ سڕینەوەی ناوی سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری ئەمەریکادا.

پێدەچێت پرسی داواکارییەکانی ڕووسیا تا ڕادەیەک چارەسەر کرابێت، بەڵام کێشەی سوپای پاسداران بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە. هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا (کە پێیان دەڵێن مید-تێرم) لە 8 ی مانگی 11دا بەڕێوەدەچێت و ئەمەش وایکردووە قورس بێت بۆ بایدن تا پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربهێنێت چونکە ئەمکارە لەناوخۆدا دژی زۆرە.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە هیچ پلانێکیان بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تێرۆردا نییە، بەڵام ئەگەری شتێکی لەو شێوەیان بە تەواوی ڕەتنەکردوەتەوە و دەڵێن ئەگەر تاران دەیەوێت واشنتن هەنگاوێکی لەو شێوەیە هەڵبگرێت، ئەوا دەبێت نیگەرانییەکانی ئەمەریکا کە لە بارەی ڕێککەوتنەکە بڕەوێنێتەوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا دەڵێت "ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن واز لەو داوایانەیان نەهێنن کە پەیوەندیان بە ڕێککەوتنەکەوە نییە، سوور بن لەسەر لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا و نیگەرانیەکانی ئەمەریکاش لە بارەی ڕێککەوتنەکە لەبەرچاو نەگرن، بەڵێ بێگۆمان لە گفتوگۆکاندا دەگەینە بنبەستێک کە رەنگە چارەسەر نەبێت."

ئەو بەرپرسه گوتیشی "ئایا ڕێککەوتنەکە مردووە؟هێشتا نازانین و ڕاستگۆیانە بڵێم پێم وانییە ئێرانیش ئەوە بزانێت."

رۆیتەرز دەڵێت پێدەچێت ئێران تا ئێستا نیازی نەبێت دەست لە داواکارییەکەی خۆی بۆ سڕینەوەی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا هەڵبگرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە بەرپرسێکی ئاسایشی ئێران ڕایگەیاندوە "ئەمە هێڵی سووری ئێمەیە و دەستی لێ هەڵناگرین."

واشنتن پێی وایە ئەگەر ئێران بیەوێت دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەرەستە و مادەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆم دروست بکات.

XS
SM
MD
LG