Accessibility links

ئیسرائیل وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە بڵاوکردنەوەی "درۆ" لە بارەی جووەکان تۆمەتباردەکات


ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لێدوانێکی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەرکۆنەکرد کە گوتبووی بنەچەی ئەدۆلف هیتلەر دەگەڕێتەوە سەر جوولەکە، لاڤرۆڤی بە بڵاوکردنەوەی گوتەی دژە جووەکان (ئەنتی سێمەتیزم) و بە کەم سەیرکردنی هۆلۆکۆست تۆمەتبار کرد.

نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا گوتی، "مەبەست لەم جۆرە درۆیانە تۆمەتبارکردنی خوودی جووەکانە بە ئەمجامدانی ترسناکترین تاوان لە مێژوودا دژیان ئەنجامدراوە."

بینێت گوتیشی "بەکارهێنانی هۆلۆکۆستی جووەکان بۆ مەبەستی سیاسی پێویستە دەستبەجێ بوەستێنرێت."

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، داوای لە هاوتا رووسەکەی کرد بە هۆی قسەکانییەوە کە ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی ئیتاڵی کردبووی، داوای لێبوردن بکات و باڵوێزی ڕووسیاشی بانگ کردوە تا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بانگەشەیە بدات.

کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئیتاڵی ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لە وەزیری دەرەوەی ڕووسیای پرسی کە ڕووسیا چۆن بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆکرانیا لە نازییەکان ڕزگار دەکات لە کاتێکدا خوودی ڤۆلۆدیمەر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا جووە؟

لاڤرۆڤ، کە لە ڕێگەی وەرگێڕێکی ئیتاڵییەوە قسەی دەکرد، لە وەڵامدا گوتی "کاتێک دەڵێن "ئەگەر ئێمە جووین کەواتە ئەمە چ جۆرە نازی بوونێکە" من پێم وایە کە بنەچەی هیتلەریش جوو بووە، بۆیە ئەو قسەیە هیچ مانایەکی نییە."

لاڤرۆڤ گوتیشی"دەمێکە گوێمان لە قسەی خوودی جووە تێگەیشتووەکانە کە دەڵێن گەورەترین دوژمنەکانی جوو خوودی جووەکانن."

دانی دایان، سەرۆکی یاد وەشێم، کە دامەزراوەیەکە لە ئیسرائیل بۆ یادکردنەوەی شەش ملیۆن جووی قوربانی هۆلۆکۆست، گوتی، "وتەکانی وەزیرە رووسەکە سوکایەتیکردن و لێدانێکی توندە لە قوربانیانی راستەقینەی نازییەکان."

دایان لە گفتوگۆیەکی ڕادیۆیدا گوتی، "لاڤرۆڤ تیۆرێکی دژە جووی بڵاوکردۆتەوە کە هیچ بنەمایەکی راستی نییە."

ناسنامەی یەکێک لە باپیرانی هیتلەر دیار نییە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە بیسلەمێنێت جوولەکەیە.

لاپید بانگەشەکانی لاڤرۆڤی سەبارەت بەوەی کە کەسانی لایەنگری نازی دەسەڵاتیان بەسەر حکومەت و سوپای ئۆکرانیادا هەیە، ڕەتکردەوە.

گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە لێدوانەکەی لاڤرۆڤ لەسەر هیتلەر پڕوپاگەندەیەکی بێمانایە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG