Accessibility links

لیوا ڕەمەزان دێکۆنی بۆ دەنگی ئەمەریکا: تۆمەتباری ڕووداوەکەی چەمچەماڵم داڵدە نەداوە، ملم لە موو باریکترە و دەچمە دادگا


لیوا ڕەمەزان دیکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن تۆمەتبار دەکرێت بە داڵدەدانی ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە و لە یەکەم ڕۆژی جەژن دا، 5 کەسی خێزانێکی کوشت و دوو کەسی تری بریندارکرد، بەڵام ناوبراو تۆمەتەکە ڕەتدەکاتەوە.

کاتژمێر 7 ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە، ئەفسەرێکی پێشمەرگە کە پێشتر کێشەی هەبووە لەگەڵ هاوسەر و ماڵی خەزورانیدا، هێرشی کردووەتە سەر ماڵی باوکی خێزانەکەی و لەکاتی نانخواردنی جەژن دا، خەسوی و کوڕێک و دوو خوشک و برازایەکیانی کوشتووە و کەسێکی تریشی بریندارکردووە.

بەپێی قسەی کەس و کاری کوژراوەکان، بکوژەکە پێشتر کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە و دۆسیەکەیان لەدادگایە، بەو هۆیەشەوە 5 منداڵەکەی ڕادەستی دادگا و بنکەی بێ سەرپەرشتان کراوە، بەڵام ئەمڕۆ خەسوی و برایەک و دوو خوشک و برازایەکی کوشتووە، دوو کەسی تریشی بریندارکردووە.

مەریوان ئەحمەد برای کوژراوەکان، وتی"پێشتر تۆمەتبارەکە کە ئەفسەری پێشمەرگەیە و کێشەکەیان لەگەڵ خوشکەمدا لەدادگایە، بە ئۆتۆمبێل داویەتی لەباوکم و برینداری کردووە، دواتر پەیوەندی پێوەکردووین و دانی بەوەداناوە، بۆ کوشتن لەباوکمانی داوە، بەڵام خوا نەیکوشتووە."

گوتیشی"زاواکەمان ئەفسەرە لە لیوای بەرگری و فریاکەوتن و بڕیاری گرتنەکەیم بردووە بۆ ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیواکەی، بەڵام ئەو تاوانبارەکەی ڕادەستی دادگا نەکردووە، تا ئەم بەیانیە ئەو کوشت و بڕە گەورەی خوڵقاند و 5 کەسی لێکوشتین ."

لە بەرامبەردا لیوا ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن، لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ دەنگی ئەمەریکا، وتی"تاوانبارەکە لای ئێمە ئەفسەر بووە، هەر نازانم خەڵکی کوێ یە، ئێمە 2700 پێشمەرگە و 250 ئەفسەرمان هەیە، هەر نەمناسیووە."

لیوا رەمەزان وتیشی"برای قوربانیەکان کە منی تۆمەتبار کردووە، گوایە داڵدەی تاوانبارەکەم دابێت، بۆ پارەی نەفەقەی منداڵی خوشکەکەی هاتە لام، پێموت زاواکەی لای ئێمە نەماوە و لەدەوام هەڵاتووە، موچەی ڕاگیراوە و موچەکانی ڕەوانەی سەرەوە دەکەین."

تۆمەتبارەکە کە ناوی (ح،چ) یە و پلەی نەقیبی هەیە، لەلایەن کەس و کاری کوژراوەکانی ئەمڕۆوە بەوە تۆمەتبار کرا، کە پێشتر زڕدایکی و خوشکەزایەکی و پاسەوانی کێڵگەیەکی پەلەوەریشی کوشتووە، بەم پێ یەی تا ئێستا 8 کەسی کوشتووە.

سەبارەت بەوەی بۆچی لەسەر دۆسیەی کوژرانی سێ کەسەکەی تر ڕادەستی دادگایان نەکردووە، لیوا ڕەمەزان وتی"من تا ئێستا ئەوەم نەزانیووە، ئەمڕۆ ئەوەم بیستووە."

بەڵام مەریوان ئەحمەد برای کوژراوەکان، لەسەر گۆڕستان و لەکاتی ناشتنی تەرمی دوو خوشک و برایەک و برازایەکیدا لەسەر گۆڕستان وتی"ڕەمەزان دێکۆنی تاوانبارەکەی ڕادەستی دادگا نەکردووە، ئێمە سکاڵا لەسەر ئەویش تۆماردەکەین و وەکو نەیاری خۆمان لێیدەڕوانین."

لای خۆشیەوە لیوا ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن، ئامادەیی خۆی بۆچوونە دادگا نیشاندا، وتی"ملم لەبەردەم دادگا لە موو باریکترە."

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوە، وە هێزە ئەمنیـیەکانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ڕاسپارد و جەختی لەسەر لێپێچینەوەکردنەوەش لە هەر کەس و لایەنێک کردەوە، کە داڵدەی تۆمەتبارەکە بدەن. پاشان تۆمەتبارەکە لە ناحیەی شۆڕش دەستگیرکرا.

XS
SM
MD
LG