Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان باڵەخانەکان بۆ ئۆکرانییە ئاوارەکان نۆژەن دەکاتەوە


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران خەریکی نۆژەنکردنەوەی چەندین باڵەخانەی زیانلێکەوتووی شەڕی ئۆکرانیان بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئۆکرانی کە بە هۆی شەڕەکەوە ناچاربوون هەڵبێن و ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

قۆناغی یەکەمی ئەم بەرنامەیە لە ناوچەی زاکارپاتیا لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بەڕێوەچوو.

پاول دیڵۆن گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەرانی گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا دەستیان کرد بە بەرنامەی چاککردنەوەی بینا و پەناگە بۆ ئەو ژمارەیەی کە بەهۆی داگیرکاری ڕووسیاوە ئاوارە بوون.

ئاماژەشی بەوە کرد " حەوت ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون، ئەم ڕێژەیەش نزیکەی 17٪ ی دانیشتوانی پێش جەنگی ئەو وڵاتەیە و لە وەتای بڵاوبوونەوەی یەکەم ڕاپۆرت لە هەفتەی سێهەمی شەڕەکە لە مانگی 3دا، نزیکەی 1.2 ملیۆن ئاوارە زیادی کردووە."

دیڵۆن دەڵێت کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و هۆتێلە زیانلێکەوتووەکانی جەنگ بەردەوامە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراو بۆ نزیکەی 1 ملیۆن خەڵکی ئاوارە.

بەرنامەکە سەرەتا پێنج ناوچەی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا دەگرێتەوە و دیڵۆن دەڵێت ئەم ناوچانە شوێنی سەرەکین بۆ ئەوانەی کە تازە ئاوارە بوون، دەشڵێت ئەو ناوچانە ئارامتر و پارێزراوترن لەو ناوچانەی کە شەڕ و پێکدادانەکان تێدا چڕترە.

ئەو دەڵێت لەوانەیە بەرنامەی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پەناگە بەپێی پێویستی و بارودۆخی ئاسایشی لە ناوچەکانی دیکەش بەڕێوەبچێت و فراوان بکرێت.

XS
SM
MD
LG