Accessibility links

پۆلیسی تورکیا دەیان خۆپیشاندەر لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا دەستبەسەر دەکات


پۆلیسی تورکیا دەیان خۆپیشاندەری ئەو وڵاتەی لە خۆپیشاندانێک لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا دەستبەسەر کرد.

خۆپیشاندەران کە بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان لە تورکیا هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە مەیدانی تەقسیمی ئیستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێکرا و دەیان کەسیان دەستبەسەرکران.

نووسینگەی پارێزگای ئەستەنبوڵ ڕێگای بە خۆپیشاندەران دابوو کە یادی ڕۆژی کرێکاران لە ناوچەیەکی تری ئەو شارە بەڕێوەبچیت و کۆبوونەوەکان بەو مەبەستە لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئەستەنبوڵ بێ مۆڵەت و نایاسایی دەبن.

ئاژانسی هەواڵی دەمیرۆرن ڕایگەیاندوە کە پۆلیس 30 کەسیان لە ناوەندی بیشکتاش و 22 کەسی دیکەشیان لە ناوچەی شیشلی دەستبەسەر کردووە.

خۆپیشاندانەکان بە ڕابەرایەتی کرێکاران و ئەنجومەنەکان لە ١ی مانگی 5دا هەموو ساڵێک وەک بەشێک لە ئاهەنگەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە زۆربەی وڵاتاندا بەڕێوە دەچێت.

ڕاپرسییەکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە دەریخستبوو کە ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانەی تورکیا لە مانگی 4دا بۆ 68٪ بەرز ببێتەوە و گوتبووی نرخی کاڵاکان کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەرزبووەتەوە، لەوانەیە تەنیا بە ڕێژەیەکی کەم تا کۆتایی ساڵ دابەزن.

بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و گرفتە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لە لێدوانەکانی هەندێک لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژی 1مانگی 5 ئاماژەی پێکرا.

ئەرگون ئەتەڵای، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتی کرێکارانی تورکیا لە کاتی دانانی تاجە گوڵینە لە مەیدانی تەقسیم داوای کرد بە پێی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان مووچە هەموار بکرێت و گوتی "تەوەری سەرەکی ئەمساڵمان دەبێت تێچووەکانی ژیان بێت."

گوتیشی "هەڵئاوسان لە سەرەتای هەر مانگێکەوە ڕادەگەیەنرێت دەبێت هەموو مانگێک بەپێی ڕێژەی هەڵئاوسان بۆ مووچەی کرێکار و فەرمانبەران زیاد بکرێت."

XS
SM
MD
LG