Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا ناوچەی دۆنباس بۆردومان دەکات و شکستی هێنا لە هەوڵی داگیرکردنی سێ ناوچە


سوپای ئۆکرانیا گوتی هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان بۆمباران کرد، بەڵام لە کۆنتڕۆڵکردنی سێ ناوچە کە ئامانجیان بوو دەستی بەسەردا بگرن شکستیان هێنا، لە کاتێکدا مۆسکۆ گوتی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیا و ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دانوستانەکانی ئاشتی پەک دەخات.

هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا گوتیان ڕووسەکان هەوڵیان دەدا ناوچەکانی لێهمانی دۆنتسک، سێڤەرۆدۆنتسک و بوپاسنا لە لوهانسک داگیربکەن. بەڵام " سەرکەوتن بەدەست ناهێنن و شەڕ بەردەوامە."

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردەوە گوتی، هەڵگرتنی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیا بەشێکە لە گفتوگۆکانی ئاشتی کە بە گوتەی ئەو قورسە بەڵام ڕۆژانە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە لە 24ی دووەوە هێرشی ڕووسیا دەستی پێکردووە، هەرچۆنێک بێت، پێویستە سزاکان توند بکرێن و ناتوانن ببنە بەشێک لە دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی. گوتیشی مەترسییەکی زۆر هەیە کە گفتوگۆکان کۆتایی پێبێت بەهۆی کوشتنی خەڵکی سڤیڵ لەلایەن ڕووسیاوە.

ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ناوچەکانی نزیک کیێڤی پایتەخت کە پێشتر داگیری کردبوو، توندوتیژی ئەنجام داوە. مۆسکۆش ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە.

لاڤرۆڤ گوتی ئەگەر ئەمەریکا و وڵاتانی تری ناتۆ بە ڕاستی دەیانەوێت چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا بکرێت، ئەوا پێویستە ناردنی چەک بۆ کیێڤ بوەستێنن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG