Accessibility links

بەشار ئەسەد وەزیری بەرگری وڵاتەکەی دەگۆڕێت


بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕۆژی پێنجشەممە جەنەراڵ عەلی مەحمود عەباسی وەک وەزیری بەرگری دەستنیشانکرد.

ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی سوریا بڕیاری دەستنیشانکردنی عەباسی وەک وەزیری نوێی بەرگری وڵاتەکە بڵاوکردەوە.

عەلی مەحمود عەباس وەک جێگری وەزیری بەرگری پێشوو عەلی عەبدوڵا ئەیوب دەستبەکار دەبێت، کە لە وەتای مانگی یەکی ساڵی 2018ەوە وەک وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لە کاردایە.

لە مانگی سێی ساڵی 2020 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەی دەرەکی ناوی عەلی عەبدوڵا ئەیوب وەزیری بەرگری پێشووی سوریای خستە لیستی سزاکان.

شارەزاییان پێیان وایە ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە داواکان بۆ سزا خستەنە سەر ڕژێمی سوریا لە سەرتاسەری جیهان زیاتر دەبن.

بە شێوەیەکی بەرچاو لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، ڕژیمی سوریا و سوپاکەی لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە تاوانی کوشتن و ئاوارەبوونی گەلانی سوریا وێنا دەکرێن.

هەروەها لە تازەترین گرتە ڤیدیۆدا کە ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە نیشانی دەدات سەربازانی سوریا کۆمەڵکوژیەکیان لە گەڕەکی تێدامۆنی دیمەشقی پایتەخت لە ساڵی 2013دا ئەنجامداوە.

بەڵام لەلایەکی ترەوە شارەزاییان دەڵێن ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بۆتە هۆی گۆڕینی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە.

شارەزا دیلبرین زێلۆ پێیوایە" وەزیری بەرگری پێشووی سوریا یەکێک بووە لە بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژییەکانی لە دەوروبەری دیمەشق ئەنجامدران."

شایانی باسە عەباس چوارەم وەزیری بەرگری سوریایە لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانەکانی ساڵی 2011 و حەوتەمین وەزیریشە لەو کاتەوەی بەشار ئەسەد لە سوریا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:00 0:00
XS
SM
MD
LG