Accessibility links

وردەکاری ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر دۆسیەی غاز


بانگهێشتکردنی نێردەی دبلۆماسی وڵاتان لەلایەن بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی و جەختکردنەوەی لەسەر ڕێگەنەدان بە هەناردنە دەرەوەی غازی هەرێم، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بردە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە، بە تایبەت ئەو دوو حیزبە لەسەر ئیدارەدانی سامانی سروشتی هەرێم زۆرجار ناکۆک بوون.

چەندین دۆسیەی سیاسی و ئابووری هەن کە مایەی ناکۆکین لە نێوان یەکێتی و پارتی دا و تا ئێستا چارەسەرنەکراون، بەڵام هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنە دەرەوەی غازی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە ڕێگەی تورکیاوە، کێشەی نێوان ئەو دوو حیزبەی بە تەواوەتی قوڵتر کردووەتەوە.

سەرکۆ گەڵاڵی بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی ناڕازیبوونی یەکێتی لە ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم، گوتی"کێشەی یەکێتی دەستگرتن نیە بەسەر غازدا، ناشیەوێت بیخاتە خزمەتی حیزبەوە، بەڵکو یەکێتی دەیەوێت دۆسیەی غاز، دۆسیەیەکی تەواو نیشتیمانی بێت، نەک هاوشێوەی نەوت، غازیش هەرێم توشی قەیرانی دارایی و لێبڕینی موچە بکات."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، یەکێتی چەند پێشنیارێکی داوەتە پارتی لەسەر چۆنیەتی هەناردە کردنی غاز، بەڵام پارتی بەو پێشنیارانە ڕازی نەبووە، یەکێتیش بیرۆکەکانی پارتی ڕەتکردووەتەوە.

پێشنیاریەکانی یەکێتی بریتی بوون لەوەی، نەوت و غاز لە ڕێگەی عێراقەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت نەک لە ڕێگەی تورکیاوە، هەروەها هەردوو حیزبەکە پێکەوە ئیدارەی نەوت و غاز بدەن، بەو پێ یەی یەکێتی پێیوابووە مانگانە 180 بۆ 200 ملیۆن دۆلاری پارەی نەوت بۆ سودی پارتی دەڕوات، بەڵام پارتی پێشنیارەکانی ڕەتکردووەتەوە.

ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز، هێرشی ڕاگەیاندنی ئەو دوو حیزبەی بۆ سەر یەکتری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت پارتی لەلایەن یەکێتیەوە بە گەمارۆخستنە سەر سلێمانی، هەروەها یەکێتیش لەلایەن پارتیەوە بە بردنی داهاتی سلێمانی تۆمەتبار دەکرێت.

شوان محەمەمەد ڕۆستەم پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای گوت" نەوت و غاز سامانی سروشتین و موڵکی خەڵکی کوردستانن، مافی هیچ حیزب و سەرۆک حیزبێک نیە کۆسپی لە بەردەم دروست بکات، دەبێت حکومەت و پەرلەمان ئیدارەی دۆسیەی سامانی سروشتی بدەن."

گوتیشی"لە ئەنجامی ململانێی نێو حێزبێک، لە ئەنجامی پاشەکشەی جەماوەری و بە ئامانجی گۆڕینی فۆکسی خەڵک، یەکێتی دێت بابەتی غاز دەوروژێنێت، لە کاتێکدا ساڵ و نیوێکی تریش غاز ئامادە نابێت بۆ ناردنە دەرەوە، یاخود لە هیچ کوێی دونیا نەبووە ئۆتۆمبێلی حیزب بڕواتە بانک و پارە ببات."

یەکێتی دەیەوێت گەر غاز لە ڕێگەی تورکیاشەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت بە ڕەزامەندی عێراق بێت، هەروەک پێشیوایە هاوشێوەی نەوت، پارتی دەیەوێت دەست بەسەر غازیش دا بگرێت و ئەوانی لێ دەست بەدەربکرێت، ئەم ڕاو نیگەرانیانەش لەلایەن وەفدێکی یەکێتیەوە بەنهێنی گەیەنراوەتە تورکیا.

سەرکۆ گەڵاڵی بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"یەکێتی باوەڕی وایە، بەغدا قوڵایی سیاسەتی هەرێم بێت، دەبێت لەسەر نەوت و غاز ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکرێت، تا بتوانین غاز هەناردە بکەین، چونکە سەردەمی بوژاندنەوەی هەرێمی کوردستان کاتی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بوو، دواتر لەسایەی ناشەفافیەتی نەوت دا، هەرێم توشی قەیران بوو."

جەختیشیکردەوە" ناکرێت حیزب و شەخسێک بڕواتە وڵاتانی دراوسێ و بەبێ ئاگاداری دامەزراوە نیشتیمانیەکان، ڕێککەوتنی نهێنی ئەنجام بدات، بۆیە نامانەوێت غازیش وەکو نەوت تاڵان بکرێت."

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ناردنە دەرەوەی غازی هەرێمی کوردستان، تەنها ڕەهەندی نێوخۆیی نیە، بەڵکو ڕەهەندی ئیقلیمیشی هەیە، بەو پێ یەی تورکیا بە جوڵە ئابووری یە نوێ یەکەی هەرێم ڕازی یە، بەڵام ئێران نیگەرانە، بەهۆی ئەوەی خۆی وڵاتێکی هەناردەکاری غازە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:48 0:00
XS
SM
MD
LG