Accessibility links

ئازادکردنی چالاکوان بێریڤان ئەیوب دوادەخرێت


دادگا
دادگا

چاوەڕوان دەکرا بەر لە جەژنی ڕەمەزان، چالاکوانی بادینان بێریڤان ئەیوب ئازادبکرێت که زیاتر لە ساڵێک و شەش‌ مانگە لە لایەن دەزگا ئاسایشیەکانی هەرێمی کوردستان و چاکسازی ژنانەوە ڕاگیراوە و زیندانی کراوە، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت ئازادکردنی ئـەو ژنە چالاکوانە خرایە دوای جەژن و هەروەها دەشڵێت هەر پێنج لە منداڵەکانی بێریڤان ئەیوب لە چاوەڕوانی ئـەوەدا بوون ئەمڕۆ دایکیان ئازاد بکرێت.

سەبارەت بە وردەکاری و هۆکاری ئازادنەبوونی بێریڤان ئەیوبی ژنە چالاکوانی بادینان و حوکمەکەی، بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بێریڤان ئەیوب ڕۆژی 6ی مانگی 3 بۆ ماوەی 2 ساڵ بەپێی مادەی 1ی لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی‌پەرلەمانی کوردستان حوکمدرا بەڵام لەبەر ئـەوەی ئـەو مادەیە مەشمولە بە ئازادکردنی بەمەرج و بێریڤانیش زیاتر لە ساڵێک و شەش‌مانگە لە زیندایە، ئێمە رێکارەکانی ئازادکردنی بەمەرجمان لەگەڵ تیمی پارێزەران دەستپێکرد بەڵام بەهۆی ئـەوەی کە ناسنامەکەی بێریڤان لەدادگا و چاکسازی گەورانی ژنانیش دیارنەبوو و دواجار دەرکەوت کە ناسنامەکەی لە ئاسایشە زۆر هەوڵماندا لە ڕێگەی ئاسایش ناسنامەکەی وەربگرینەوە و دوێنێ خویشم سەرەدانم کردوون بەڵام ناسنامەکەیان نەداینەوە. ئـەمڕۆ لە ڕێگەی دکتورە مونا یاقوب ( سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ) لەگەڵ رێکخراوی CPT و جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مروڤ لەپەرلەمانی کوردستان هەوڵماندا دواجار ناسنامەکەمان وەرگرتەوە، ئەمڕۆ رێکارەکانی ئازادکردنی بەمەرجمان تەواودەکرد و دەبوو بێریڤان بە کەسوکاری شاد ببێتەوە، بەڵام جێگای داخە ئاسایش زۆر تاخیریان کرد لە کاتژمێر یەک و نیو ناسنامەکەیان داینەوە پێنجشەممەیە و پێش جەژن و پشوویە دەوام نەما و پێڕانەگەیشتین بەڵام پشتیوان بە خوا لە دوای جەژن بێریڤان ئازاد دەکرێت. ئێمە نیگەرانبووین لەبەر ئـەوەی هەر پێنج لە منداڵەکانی چاوەڕوانی ئـەوەیان دەکرد کە ئەمڕۆ لەگەڵ دایکیان ئێوارە خوانەکە بکەنەوە و ڕۆژۆ بشکێنن و ڕۆژی جەژنیش پێکەوە نان بخۆن بەڵام بەداخەوە خرایە دوای جەژن و دەبێت ئەم جەژنەش بێریڤان لە زیندان بەسەربەریت".

بەپێی زانیاریەکان بێریڤان ئەیوب بەپێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21 کە تایبەتە بە تێکدانی ئـاسایشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە دوو ساڵ حوکمدرا. بەپێی بەدواداچوونەکانمان لەزاری پارێزەرانەوە، بێریڤان ئەیوب لەئێستادا زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە ڕاگیراوە و زیندانی کراوە.

پارێزەران باس لەوە دەکەن یەکێکی تر لە تومەتەکانی بێریڤان ئەیوب بایکۆتکردنی کەلوپەل و کاڵای کۆمپانیا تورکیەکان بووە کەوا کەس شت لەو کۆمپانیانە نەکرێت، ئەمە لە سەردەمی شەڕی عەفرین و کۆبانێ هەڵمەتێک کرا کە تایبەت بوو بە هەڵمەتی بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی.

XS
SM
MD
LG