Accessibility links

ئەردۆغان سەردانی عەرەبستانی سعودیە دەکات پاش وەلاوەنانی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی 


بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەسەردانێکی فەرمی بگاتە سعودیە و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی ئەردۆغانە بۆ سعودیە دوای نزیکەی چوار ساڵ لە گرژبوونی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە پاش کوشتنی ڕۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشوقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ.

سەرۆکایەتی تورکیا لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بە سەردانەکە ڕایگەیاند، "هەموو ڕەهەندەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و سعودیە پێداچونەوەیان بۆ دەکرێت و هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی هاوکاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا گەنگەشەدەکرێن."

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەم مانگە تورکیا بڕیاریدا دادگایی کوشتنی جەمال خاشوقچی ڕابگرێت و دۆسیەکە ڕادەستی کاربەدەستانی سعودیە بکاتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی تورکیا گرت و سەرۆکی ڕێکخراوەکە، ئەنگس کاڵەمارد، ڕایگەیاند، " تورکیا بە زانین و ویستی خۆی دۆسیەکە دەداتەوە دەست ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن."

ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کاربەدەستانی هەرە باڵای سعودیە بەرپرسن لە کوشتنە دڕندانەکەی جەمال خاشوقچی. حکومەتی سعودیە لە بەرامبەردا بە نافەرمی بایکۆتی هاوردەکردنی کاڵاکانی تورکیای کرد.

بەگوێرەی سایتی چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بایکۆتەکە قەبارەی هەناردەی تورکیای بۆ عەرەبستانی سعودیە کەمکردەوە لە 2.7 ملیار دۆلار لە ساڵی 2018 بۆتەنها 198 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2021.

حکومەتی سعودیە سەرەتای ئەمساڵ ئەو بایکۆتە ئابوریەی ڕاگرت وەک ئامادەکاریەک بۆ سەردانەکە.

بەگوێرەی ماڵپەری ئەلجەزیرە، سەردانەکەی ئەردۆغان بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەو بۆ چاککردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کە لە سەردەمی "بەهاری عەرەبی" توشی ئاڵۆزی هاتن بەهۆی پشتگیری ئەردۆغان لە گروپەکانی نزیک بە ئیخوان موسلیمین.

لە هەمانکاتدا، بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، ئەردۆغان دەیەوێت بە باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن نەوت کاریگەریەکانی قەیرانی ئابوری تورکیا کەمبکاتەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی تورکیا.

XS
SM
MD
LG