Accessibility links

بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان داوای گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکەن


ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشهەمی پەرلەمانی کوردستان، چەندین خاڵی ناکۆک لە نێوان فراکسیۆنە کوردیەکاندا دەهێنێتە کایەوە، کە خۆیان لە سیستەمی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و کورسی پێکهاتەکان دەبیینەوە و لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان نەکراوە، بەڵام وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەنراوە ئەمەش کاردانەوەی جیاجیای فراکسیۆنەکانی لێکەوتوەتەوە.

پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و تۆماری دەنگدەران سیستەمی یەک بازنەیی و فرە بازنەیی بەردەوامە، بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەلبژاردنەکان و پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بەپێش مەرجی ئەنجام دانی هەڵبژاردن دەزانن و لەبەرامبەریشدا پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بە سیستەمی یەک بازنەیی دەکاتەوە و کۆمسیۆنیش دەڵێت 6 مانگیان پێویستە بۆ ئامادەکاریەکان.

سەرچنار ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پرسی هەڵبژاردنەکان ڕەهەندی نیشتمانی هەیە، هیچ فراکسیۆنێک زۆرینە نییە، بەڵکو زۆرترین کورسی هەیە، ئەگەر پێکهاتەکان بە موڵکی پارتی دیموکراتی کوردستان بزانرێت ئەوەشتێکی دیکەیە، 30 ساڵە کار بە یەک یاسا دەکرێت کە حەوت جار هەموار کراوەتەوە، ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10 ساڵی رابردووی عێراق ئەوەی دەرخست کەمتر ساحتەکاری هەبوو، بۆیە ئەمڕۆ پێویستە جارێکی دیکە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە ".

شاخەوان ڕەئوف ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تۆماری دەنگدەران پێویستە پێداچوونەوەی پیا بکرێت کە زۆرگرنگە، وەک فراکسیۆنی گۆڕان ساڵێک بەر لە ئێستا پڕۆژەیەکمان داوەتە پەرلەمان بۆ هەمواری یاسایی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەم ئامادەکاریانە نەکرێت پێمان وایە ناتوانین بچینە ناو هەڵبژاردنەوە ".

کورسی پێکهاتەکان کە 11 کورسیە لە پەرلەمانی کوردستان، بە ڕای زۆرینە فراکسیۆنەکان کورسیەکان لە ململانێکدا بەکار دەهێنرێن و داوا دەکرێت بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێن، سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "هەموو جارێک کورسی پێکهاتەکان لەبەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکارهاتووە، کە ئێمە ناڵێین کەم بکرێتەوە بەڵکو دابەشبکرێت بەسەر پارێزگاکاندا ".

مەنزەر عەلی چاودێری سیاسی یە و کاکەییە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "یاساکان پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، پێویستە کاکەییەکان خۆیان بتوانن نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن نەک حیزبەکان و پێویستە تۆماری دەنگدەرانیان بۆ دابنرێت و فرەبازنەیی بێت بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن خۆیان نوێنەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن ".

ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پرسی یاسایی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدران، بەڵام نەگەشتنە ڕێککەوتن، بەڵام بەپێ ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانش ڕۆژی 1ی 10 ئەم ساڵی دیاری کرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ، ئەمە لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاریەکان و هێشتا لایەنە سیاسیەکانیش نەگەشتونەتە ڕێکەوتن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:19 0:00
XS
SM
MD
LG