بەرپرسانی پۆڵێنکاری سینەمای سعودیە ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە کە گوایە وڵاتەکەیان ڕێگری بکات لە پەخشکردنی فیلمێکی کۆمپانیای بەناوبانگی دزنی کە تێیدا کچێک ڕۆڵی هاوڕەگەزخواز دەگێڕێت.
فیلمەکەی دزنی بەناوی "دکتۆر سترەینج لە فرەگەردوونی شێتی" کارەکتەری کچێکی هاوڕەگەزخواز بەناوی گۆمێز. حکومەتی سعودیە دەڵێت تەنها کێشەی لەگەڵ 12 چرکەی فیلمەکە هەیە ئەو کاتەی کە کچەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەو دوو دایکی هەیە لە بری دایک و باوکێک.
نەواف ئەل سەبحان، بەرپرسی پۆڵێنکاری سینەمای سعودیە، لەمبارەوە بۆ ماڵپەڕی گاردیان ڕایگەیاند، "لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شتێکی لەمشێوەیە زۆر قورسە کە ئاوا بڕوات."
ئەو بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد فرانسپرێس ڕایگەیاند کە دەزگاکەی بە فەرمی داوای لە کۆمپانیای دزنی کردووە ئەو گرتە 12چرکەیە ببڕێت بەڵام کۆمپانیاکە ئەو داوایەی ڕەتکردۆتەوە.
سەبارەت بە ڕێگری لە پەخشکردنی فیلمەکە لە سعودیە، نەواف ئەل سەبحان ڕایگەیاند، "هەرگیز قەدەغەناکرێت. هیچ هۆکارێک نییە کە ببێتە هۆی ئەوەی فیلمەکە قەدەغە بکەین. تەنها پێویستی بە پێداچونەوەیەکی کەمە. تا ئێستا کۆمپانیای دزنی ئەو داوایەی ڕەتکردۆتەوە بەڵام ئێمە تا ئێستا دەرگاکەمان دانەخستووە و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان."
شایەنی باسە، لە ساڵانی 1980 حکومەتی سعودیە دەستیکرد بە هەڵمەتێک بۆ داخستنی تەواوی سینەماکان و سەنتەرەکانی پەخشکردنی فیلم بەهۆی ئەوەی کاربەدەستە ئاینیەکان بانگەشەی ئەوەیاندەکرد کە سەیرکردنی فیلم پێچەوانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە.
لە کۆتایی ساڵی 2017 ئەو وڵاتە دووبارە ڕێگەیدا بە کردنەوەی سینەماکان لەژێر ڕۆشنایی ئەو چاکسازیە کۆمەڵایەتیانەی کە لەلایەن شازادەی جێنیشین موحەمەد بن سەلمان ڕاگەیندران.
هەر لە هەمان ساڵدا، سعودیە بۆیەکەم جار بڕیاریدا کە ژنانی وڵاتەکە مافی ئەوەیان هەبێت سەیارە لێبخوڕن و مۆڵەتی شوفێری وەرگرن.