Accessibility links

توێژینەوەیەک: شەوانە خەوتن لەبەر ڕوناکی ئامێرەکان دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن و شەکرە


جەستەی مرۆڤ کاتژمێرێکی ناوخۆیی هەیە بۆ خەوتن و خەبەربوونەوە. کاتێک کە خۆر هەڵدێت، تیشکی ڕوناکی یارمەتی جەستەمان دەدات بۆ ڕژاندنی ئەو هۆرمۆنانەی کە بەرپرسن لە خەبەربوونەوە. بەڵام ڕوناککەرەوە دەستکردەکان ئەو سوڕە تێکدەدەن و دەبنە هۆی پچراندنی خەوێکی ئارام کە پێویستە بۆ تەندروستی.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی لە جۆرناڵی بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای نیشتیمانی زانست لە ئەمەریکا، شەوانە خەوتن لەبەر ڕوناکی ئامێرە کارەباییەکانی وەکو تەلەفزیۆن و مۆبایل و گڵۆپ دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی پەستانی خوێن و شەکرە تەنانەت لە کەسانی تەندروستیشدا.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت تەنانەت هەبوونی بەشێکی کەم لە ڕوناکی ئامێرەکان لە کاتی خەوتندا رێگری لە جەستە دەکات بۆ ئەوەی ئاستی ڕێژەی شەکر لە خوێندا لەئاستێکی تەندروست بهێلێتەوە.

زاناکانی بەشداربوو لە لێکۆڵینەوەکە بەم ئەنجامە گەیشتن دوای تاقیکردنەوە لەسەر 20 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 36 ساڵ بوو. شەوی یەکەم بەشداربووەکان لە ژورێکی تاریکدا خەوتن. شەوی دووەم نیوەی بەشداربووەکان لەبەر ئامێرێک خەوتن کە ڕوناکیەکەی بە ئەندازەی ڕوناکی شاشەی تەلەفزیۆن بوو، لە کاتێکدا بەشەکەی تر دووبارە لە تاریکیدا خەوتن.

بەیانی ڕۆژی دواتر، زاناکان پشکنینی ڕێژەی شەکرەی بەشداربوەکانیان کرد و بۆیاندەرکەوت کە ئەو کەسانەی لەبەر ڕوناکی خەوتون ڕێژەی ئەنسۆلینیان 25% بەرزتر بوو لەوانەی کە لە تاریکیدا خەوتبوون ئەمە سەرەڕای ئەوەی لێدانی دڵیان خێراتر بوو.

فیڵس زی، توێژەرەوە لە بواری خەوتن لە زانکۆی باکوری خۆرئاوای فێینبێرگ سکوڵی پزیشکی، سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە و دەڵێت، "پێموایە بەهێزی ئەو بەڵگانەی کە دەستمانکەوتووە پێویستە ببێتەهۆی ئەوەی گرنگی بدەیت بەو ڕوناکیەی کە لەژووری خەوتنەکەت هەیە. هەوڵبدە کە ڕوناکیەکان کزکەیت (کەمبکەیتەوە) بەلانی کەمەوە کاتژمێرێک یا دوو کاتژمێر بەر لە خەوتن."

شایەنی باسە، پێشتر لە توێژینەوەیەکی تردا دەرکەوتووە کە خەوتنی بەر ڕوناکی لە شەواندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کێش لە ژناندا.

XS
SM
MD
LG