Accessibility links

لە هەولێر بەهۆی بارانێکی زۆر زیانی دارایی بە هاووڵاتیان دەگات


بەهۆی بارانێکی بەخوڕ ئاوێکی زۆر لە چەندین ماڵی نێو گەڕەکی هیران ستی شاری هەولێر کۆبۆوە بەو هۆیەوە زیانی دارایی بە چەندین ماڵ گەیشتووە.

بەپێی زانیاریەکان هۆکاری دروستبوونی ئەو لافاوە زیادەڕۆیی کردنە بۆ سەر ڕێرەوی ئاوەکە بۆیە ڕێرەوی ئاوەکە گۆڕاوە دواجار زیانی بە ماڵەکان گەیاندووە.

سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەولێر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئاو چووەتە نێو ژووری ماڵەکانی سێ و چوار کوڵانی گەڕەکی هیران ستی و زیانیان بەرکەوتووە." هۆکارەکەیشی بۆ ئـەوە گەڕاندەوە کە کەندی سروشتی لەو شوێنانە هەن و ئەو پڕۆژانەش لەو کەندە سروشتیانەوە نزیکن بۆیە ئاوەکە بەو کەندانەدا دێتە خوارەوە و دەگاتە نێو ماڵان، ئـەو ئـاوەش لە کەسنەزانەوە هاتووەتە خوارەوە".

هەولێر، لافاو
هەولێر، لافاو

سەبارەت بەو شوێنانەی کە لافاو یاخود ئاوێکی زۆری بەرەوڕووی ڕۆشتووە و زیانی گەیاندووە و هەروەها هۆکاری دروستبوون و کۆبوونەوەی ئـەم ئاو و لافاوەوەیە، مامۆستا فازڵ عەزیز دانیشتووی سنووری کەسنەزان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەمڕۆ لەسنووری کەسنەزان بارانێکی بەخوڕباری و لافاو هەستا، لە دڵۆپەوە لافاوەکە بەرەو کەسنەزان هات و لە کەسنەزانیش بەرەو لای شاری هیران ستی و لەوێش بۆ نێو کەندی بنەسڵاوە. ئەم لافاوە زەرەر و زیانی بۆ چەند ماڵێک هەبوو هەموو جارێک ئـەم گرفتە دووبارە دەبێتەوە چارەسەریەکەیشی چۆنە ؟ کەندێکی سروشتی لەچواردەوری هەولێر لێ بدرێت بۆ ئەوەی کاتێک ئەم لافاوە ڕوودەدات ئاوەکە ڕێرەوی خۆی وەربگرێت و لەشار دەربچێت".

چەندین جار لافاو لە هەولێر هەستاوە سەرباری زیانی زۆری ماڵی زیانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا نیگەرانی و کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە. لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئـەو لافاوانە لەشاری هەولێر بەگشتی، وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکا زیاتر دەڵێت " ئەوانەی لە نێو شارن سیستەمی ئاوەڕوویە و ئاوەڕووکان کۆنن و گیراون و پاکنەکراونەتەوە، و ئەوانەیشی لە دەرەوەی شارن ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی لە کەندی سروشتیەوە نزیکن ئاوی پێدا دێت و قەبارەکەیشی زۆرە و ڕێڕەوی گیراوە و تەجاوزات لەسەر ئەو کەندە سروشتیانە زۆرە و ئاوەکەیش کە زیادبوو دەگاتە نێو ماڵان".

XS
SM
MD
LG