Accessibility links

ڕێڤینگ هروری: لە سنووری پارێزگای دهوک زیاتر لە 360 گوند چوڵکراون


ڕێڤینگ هروری

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ئاشکرا‌ دەکات لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا چل و شەش گولەی توپ لە دەوروبەری گوندی هروری دەڤەری بەرواری باڵا کەوتونەتە خوارەوە هەندێک لەو توپانەش بە نێو ماڵ و حەوشەکان کەوتوون بەو هۆیەوە زەرەر و زیانی ماڵی گەیاندووە بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

سەبارەت بە دوایین زانیاری لەسەر شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکەو سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، ڕێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بە‌دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " شەڕ لە ناوچەکانی نێروە و رێکانی ناحیەی دێرەلوک و شیلادزێ و کۆمەڵگای سیریێ بەردەوامە، هێزەکانی تورکیا لەشکرەکانی لەسەر گردی کۆڕەژار و لینکی داناوە و بۆ پاراستنی خۆیان ڕۆژانە بۆردومانێکی زۆری ئەو دەڤەرانەی نزیک سەربازەکانیان دەکات و ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر سایکۆلوژیەتی خەڵکی ئـەو ناوچانە کردووە چونکە ڕۆژانە خەڵکی بەچاوی خۆیان ئەو بوردومان و دوکەڵانە دەبینێت".

سەبارەت بەژمارەی ئەو گوندانەی کە بەهۆی ئـەو‌شەڕ و ئاڵوزیانەی نێوان سوپای تورکیا و پەکەوەوە چوڵکراون، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە گوتی" لە سنوری پارێزگای دهوک زیاتر لە 360 گوند بەهۆی شەڕی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیاوە چوڵکراون تەنها لە دەڤەری ئامێدی نزیکەی 197 گوند چوڵکراون، ئەو دەڤەرانەی کە ئێستا شەڕیشی تێدایە 127 گوند لە خۆ دەگرێت کە لە دەڤەرەکانی نێروە و رێکان و دوسکی ژووری و نهێل پێکهاتوون لەو گوندانەشدا مزگەوت، کڵێسا، قوتابخانە، شوێنەوار و کانیاو تێدایە بۆیە ئەم شەڕە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە".

سەبارەت بە هەڵویستی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و لایەنی پەیوەندیدار لەمەڕ ئـەو زەرەر و زیان و شەڕ و ئاڵوزیانەوە، لەوبارەیەوە ڕێڤینگ هروری دەڵێت " وەکو پەرلەمانی کوردستان دووجار لیژنەمان پێکهێناوە، لیژنەی پێشمەرگەی و لیژنەکانی تریش لەگەڵمان هاتوون و موتابەعەمان کردووە و جارێکیش لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی پێکەوە چووینە سەر سنورەکان، زەرەر و زیان و هۆکاری ئـەو شەڕە و شەهید و بریندار و گوندە چوڵ بووەکانمان هەمووی نوسیوە و بەسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانمان داوە و ئەوانیش لە ڕێگەی خۆیانەوە گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و هەروەها لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراقی ئەوەی گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا نە ئێمە و نە ئـەو خەڵکە وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە".

بەهۆی ئـەو ناکوکی و شەڕ و ئاڵوزیانەی چەند ساڵەی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیاوە زەرەر و زیانێکی زۆری مادی و گیانیشی لێکەوتووەتەوە بۆیە بەردەوام خەڵکی ئـەوناوچانە داوای وەستانی ئـەو‌ شەڕ و ئاڵوزیانە دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:11 0:00

XS
SM
MD
LG