Accessibility links

ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی باس لە خراپبوونی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات لە هەرێمی کوردستان


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی CPJ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە تێبینیـیەکانی ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی لە بارەی ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش بەشێکی ڕاپۆرتەکەیە.

ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی بە هۆی پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکاندا کە ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق گرتبوو، 18 مانگی لە زینداندا بەسەر بردووە.

بەرۆشکی یەکێک لەو چوار پەیامنێرەی کوردەی هەرێمی کوردستانە کە لە ڕیزبەندی رۆژنامەوانانی زیندانی ساڵی2021ی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی بنکە لە نیویۆرک، بەرۆشکی دوای ئەوەی بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمەتبار دەکرێت، لە مانگی دوودا ئازاد کرا.

یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کە بە یاسای 6 ناسراوە، وەک ئەو کۆمیتەیە دەڵێت یاسایەکە کە یاسادانەرەکان وەک ڕێگەیەک بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییە ئۆنڵاینەکان پەسەندیان کردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دژی ڕۆژنامەوانان بەکار دەهێنرێت.

دەسەڵاتدارانی هەرێم سەرەتا لە مانگی هەشتی ساڵی 2020دا ڕۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکییان دەستگیرکرد و پاشان دوای ماوەیەکی کورت لە ئازادبوونی لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا دووبارە دەستگیرکرایەوە. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەڵێت بە پێی ئەو بەڵگانەی بە دەستی گەیشتوە، ناوبراو لە مانگی شەشی ساڵی 2021 لە دادگایەکی شاری دهۆک بە پێی یاسای 6 سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. لە مانگی نۆی ساڵی 2021دا دادگایەک لە هەولێری پایتەختی هەرێم دوای تۆمەتبارکردنی بەرۆشکی بە دوو تۆمەتی زیادە بەپێی هەمان یاسا ماوەی ساڵێک سزای ناوبراوی درێژکردەوە.

بەرۆشکی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە بارەی ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە دەڵێت "بە درێژایی لێکۆڵینەوەکان ئەوە ڕوون بوو کە بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە دەستگیرکراوم و زیندانی کراوم، هەموو پرسیارەکان و لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ دەکرد کە لەسەر چی دەستگیرکراوم."

ئەو دەشڵێت "لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا هیچ تۆمەتێکی ڕوون و ئاشکرا لە ئارادا نەبوو، بۆ نموونە پرسیارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەربارەی ئەو پۆستانە بوون لە هەژمارەکانی خۆم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها لە بارەی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیـیەکانم سەبارەت بە بارودۆخی دهۆک و ئەو وتار و ڕاپۆرتانەی کە من وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد ئەنجامم داون."

گوتەکانی ئەم دواییەی بەرۆشکی لە کاتێکدایە کە دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆی ساڵی 2021دا لە ڕێگای ئیمێلێکەوە بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە دەستگیرکردنی پەرۆشکی پەیوەندی بەکاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە.

بەرۆشکی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دادگاییکردنەکە دادپەروەرانە بووە یان نا، دەڵێت "بە دڵنیاییەوە نا، دانیشتنەکانی دادگا بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نەبوون. سەرەتا من باوەڕم وایە دەستگیرکردنی من پێشێلکاریەکی ڕوونی ئازادی ڕاگەیاندن و خودی یاساشە. من لە هەم لە سەندیکای ڕۆژنامەگەری و هەمیش ئەو دەزگانەی ڕاگەیاندن کە کارم بۆکردوون، ئای دی ڕۆژنامەوانیم هەبووە، نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستگیریان بکردایام."

بەرۆشکی دەڵێت لە ماوەی دەستبەسەربوونمدا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕووبەڕووی لێدان بوومەتەوە و هەروەها بە بێ ئەوەی رێگا بدەن پەیوەندی بە خێزان و پارێزەرەکەمەوە بکەم بۆ ماوەی 52 ڕۆژ لە ژووری تاکە کەسیدا دەستبەسەریان کردووم.

ئاشتی مەجید گوتەبێژی هێزەکانی ئەسایشی هەولێر لە ئیمەیڵێکدا بۆ کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی لە مانگی چواری ساڵی 2022 ڕەتی کردەوە کە بەرۆشکی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە هەولێر لێیدرابێت یان سووکایەتی پێکرابێت.

بەرۆشکی دەڵێت دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی ناسیاسی سزا بدەن تەنیا بۆ ئەوەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن زیندانەکانی ئێمە خاڵین زیندانیانی سیاسی.

ئەو دەشڵێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2018ی کوردستانی عێراق و بە تایبەتی دوای هاتنە سەرکاری پارێزگارە نوێیەکانی هەولێر و دهۆک، دۆخەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان خراپتر بووە و ئەوان هەوڵ دەدەن هەر کەسێک دەنگی بەرز بکاتەوە بێ دەنگی بکەن.

بەرۆشکی سەبارەت بە کاریگەری دەستبەسەربوونەکەی بە سەر رۆژنامەوانانی دیکەدا دەڵێت " دەستبەسەرکردنەکەم لە سەرەتادا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆژنامەنووسانی دیکە هەبوو، ئەوان ترسا بوون لەوەی ڕەخنە بگرن، ئەمەش بە تایبەتی دوای ئەوە بوو کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوە کرد کە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان "سیخوڕ" بوون، بەڵام کاتێک ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان باسی دۆسییەکەیان کرد و خەڵک تێگەیشتن کە ئێمە بێتاوانین و دۆسییەکە بە سیاسی کراوە، دوای ئەمە رۆژنامەنووسانی تری هان دا بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز و بوێرانە ڕاپۆرت بدەن و ڕەخنە بگرن."

لە دوایین ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان ڕایگەیاند لە هەرێمی کوردستانی عێراق هێزەکانی ئاسایشی لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاردەکەن، دادگاکانی کوردستان سەربەخۆ نین، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی بەندکراوەکانی بادینان کرابوو و گوتبووی کە بەندکراوەکان ڕایانگەیاندوە دانپێندانانەکانیان لە ژێر ئەشکەنجەدا لێوەرگیراوە بەڵام دادوەری دادگاییەکە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکات ئەو بانگەشانەی پشتگوێخستووە.

لە بارەی بارودۆخی ڕۆژنامەگەرییەوە لە کوردستان، ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندبوو لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، ئەو کەناڵانەی لە پارتی نزیکن وەکو ڕووداو و کوردستان24، زیاتر توانای دەستکەوتنی زانیاریان هەیە. بە هەمان شێوە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا، ڕاپۆرتەکە دەڵێت کەناڵی کوردسات و گەلی کوردستان، خاوەنی هەمان ئیمیتازن.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەپێچەوانەوە ئەو کەناڵانەی کە سەر بە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنن یاخود سەر بە هیچ لایەنێک نین، توانای دەستکەوتنی زانیاری گشتیان لە هەرێمی کوردستان سنووردارکراوە."

ڕاپۆرتەکە هەرەوەها گوتبووی "نەبوونی لێپێچینەوە لە حاڵەتەکانی توندوتیژیدا بەرامبەر میدیا، نەبووونی دادگایەکی سەربەخۆی ڕاستەقینە، کاری میدیایی کاریگەری ڕۆژنامەنووسانیان کەمکردووەتەوە."


XS
SM
MD
LG