Accessibility links

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا: جێبەجێکردنی بڕیاری ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا ئاسان نیـیە


کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا

هەفتەی ڕابردووتر هەریەکە لە بەریتانیا و رواندا رێککەوتنێکی هاوکارییان پێکەوە واژۆکردووە، بۆ ناردنی ئەو کۆچەبرانەی دەگەنە بەریتانیا بە ڕێگای نایاسایی بۆ ڕواندا، کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەم وتووێژەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، ڕونکردنەوە تەواو لەسەر ئەو بڕیارە دەدات و ڕایدەگەیەنێت“ ئەم بڕیارە واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سێك هاتبێته‌ ئه‌م وڵاته‌ و سواری فڕۆكه‌ی بكه‌ن وبیبنه‌ ڕواندا دایبه‌زێنن، به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەبێت دادگا بڕیاری لێبدات هه‌تا ئێستا سێ دۆسێیە له‌دادگایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌ دادگای ته‌میز و یاساناسان له‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌دان كه‌ چاڵنجی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بكه‌ن به‌تایبه‌تی ئه‌و سێ قه‌زیه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سیاندایه‌ ئێستا ئینجا یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی ئه‌م سێ قه‌زیه‌یه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ چۆن ده‌بێت ئایا جێبه‌جێكردنی ئاسان ده‌بێت یان ئه‌وه‌تا حكومه‌ت پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌، دەشڵێت“ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان پێناخۆشه‌ به‌وه‌ی ده‌زانیین كه‌ دژی مافی په‌ناهه‌نده‌یی و ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌یه‌ له‌سه‌ر بابەتی پەناهەندەیی‌ هه‌یه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه‌دا هیچمان پێناكرێت، چونكه‌ ئه‌م موناقه‌شه‌ و پرس و بابه‌ته‌ له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كاندایه. “

“ ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر زۆر ئاڵۆزه‌ دوو ئاراسته‌ هه‌یه‌“

کاروان جەمال تاهیر لە بەریتانیا لە سەرەتای قسەکانیدا دەربارەی ئەو بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا وتی“ له‌ڕاستیدا ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر زۆر ئاڵۆزه‌، دوو ئاراسته‌ هه‌یه‌، وه‌ دوو بۆچوون هه‌یه،‌ بۆچونێكیان ده‌ڵێت ئه‌مه‌ (بڕیاری ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتی بەریتانیاوە بۆ ڕوەندا) هێشتا نه‌بووه‌ به‌ یاسا ده‌بێت ببێت به‌یاسا و یاسای پێ ده‌ربكرێت بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی حكومه‌ت، بۆچوونێكی تریش هه‌یه‌ له‌ناو به‌ریتانیاكان خۆیان و له‌ناو ڕای گشتی و میدیادا ئه‌مه‌ باسده‌كرێت كه‌ وه‌زیری ناوخۆ زۆر سووره‌ له‌سه‌ری، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌یاسا نییه،‌ به‌ڵكو ئه‌مه‌ (Policy) سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ و سیاسه‌تی حكومه‌تی به‌ریتانیایه‌ ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت. “

“ بەربەستی زۆر هەیە لەسەر جێبەجێکردنی “

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونیکردەوە“ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی (ئەو بڕیارە بۆ ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە بەریتانیا بۆ ڕواندا) به‌هه‌مان شێوه‌ ئاڵۆزی زۆر هه‌یه‌ و بەربەستی زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگا، له‌لایه‌ن ڕای گشتیه‌وه‌، له‌لایه‌ن حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی به‌ریتانیا بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی ڕوون نه‌بۆته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی به‌ریتانیا بۆ ئێمه‌ش،‌به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كانیش ئه‌وانیش لێدوانیان داوه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ دژی مافی مرۆڤه‌، بێگومان یاسا، كه‌ له‌به‌ریتانیا ده‌رده‌چێت له‌په‌رله‌مان ده‌رده‌كرێت و ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كان په‌سه‌ندی بكه‌ن مافی ڕه‌تكردنه‌وه‌یان نییه،‌ به‌ڵام په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كان لێدوانیان داوه‌ ده‌ڵێن(ئه‌م یاسایه‌ ئه‌گه‌ر بێته‌ ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كان ئێمه‌ به‌ته‌واوه‌تی ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌موو جارێك گۆڕانكاری له‌سه‌رده‌كه‌ن و ده‌ینرێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان دوای بخه‌ن و وایلێبێت ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌ ئه‌وه‌بێت بكرێت به‌یاسا له‌ ناوه‌ڕۆكی خۆی بیهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پلانی حكومه‌ته‌. “

“ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان پێناخۆشه‌ “

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کۆچبەرە كورده‌كان دڵه‌ڕاوكێی زۆریان له‌لادروستبووه‌، ئێوه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵتانداوه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی بەریتانیادا بكه‌ن له‌سه‌رئه‌وه‌ی دۆخی عێراق به‌وشێوازه‌یه‌ یان له‌سه‌ر دۆخی كۆچبه‌ره‌ كورده‌كان له‌ به‌ریتانیا، ئێوه‌ ده‌توانن چیان بۆ بكه‌ن؟
لە وەڵامدا نوێنەری حکومەتی هەرێم وتی“ له‌ڕاستیدا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا ته‌نها بۆ كۆچبه‌رانی كورد نییه،‌ به‌ڵكو بۆ كۆچبه‌رانی نایاسایی هه‌موو وڵاتانه،‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕووده‌كه‌نه‌ به‌ریتانیا، سه‌ره‌تا له‌ پرۆژه‌كه‌شدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی نێرینه‌ن و ئه‌وانه‌ی خێزاندار نیین، به‌ به‌له‌م یان به‌ لۆری دێنه‌ ئه‌م وڵاته‌وه،‌ ئاماژه‌یان به‌مه‌ داوه‌ شته‌كان زۆر ڕوون نییه‌ ئایا ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌به‌له‌م دێن و له‌ چه‌ناڵی ئینگلیز-فه‌ڕه‌نسا ده‌په‌ڕێنه‌وه‌؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ش موناقه‌شه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی دروستكردووه،(‌ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر وابێت له‌مه‌ودوا هانی زیاتری كۆچ ئه‌درێت كه‌ خه‌ڵك بچێت خێزانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ڵتی بێت، چونكه‌ پره‌وپه‌زه‌ڵ-پرۆژه‌كه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌ڵتی دێن ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ ڕه‌وانه‌ی روه‌ندا ده‌كرێن.). “

“ به‌ڕاستی ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان پێناخۆشه‌ به‌وه‌ی ده‌زانیین كه‌ دژی مافی په‌ناهه‌نده‌یی و ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌یه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه‌دا هیچمان پێناكرێت، چونكه‌ ئه‌م موناقه‌شه‌ و پرس و بابه‌ته‌ له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی لۆرده‌كاندایه، ‌ جارێ له‌ناوخۆیاندا موناقه‌شه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یان بۆ دروستبووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دادگاكان، وه‌ یاساناسانی بواری مافی مرۆڤ ئه‌مانه‌ش بوون به‌ به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌، له‌و ڕۆژه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌یه‌ ئه‌مانیش قسه‌ی له‌سه‌رده‌كه‌ن و به‌رپه‌رچیان داوه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م بابه‌ته‌ له‌دادگای پێداچونەوە وابكه‌ن نه‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، واته‌ زۆر لایه‌ن هه‌یه‌ كه‌ دژی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ دانراوه‌. “کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا وایوت“

“ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سێك هاتبێته‌ ئه‌م وڵاته‌ و سواری فڕۆكه‌ی بكه‌ن وبیبنه‌ ڕواندا دایبه‌زێنن، به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌ ئه‌مه‌ دادگا ده‌بێت بڕیاری لێبدات... “

دەربارەی ئه‌و لایه‌نانه‌ی دژی ئه‌م پرۆژانه‌ن،‌ ڕای گشتی به‌ریتانیا تاچه‌ند دەرفەتێکی باشه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ره‌تبكرێته‌وه‌ و رێگربێت له‌وه‌ی بكرێته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌؟

وەڵامەکەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا (کاروان جەمال تاهیر) بەمجۆرە بوو“ به‌بۆچوونی من ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نییه،‌ چونكه‌ هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئاڵۆزی زۆری تێدایه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سێك هاتبێته‌ ئه‌م وڵاته‌ و سواری فڕۆكه‌ی بكه‌ن وبیبنه‌ ڕواندا دایبه‌زێنن، به‌وشێوه‌یه‌ نییه‌، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەبێت دادگا بڕیاری لێبدات هه‌تا ئێستا سێ دۆسێیە له‌دادگایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌ دادگای پێداچونەوە و یاساناسان له‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌دان كه‌ چاڵنجی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و سێ دۆسێیە كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌سیاندایه‌ ئێستا، ئینجا یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی ئه‌م سێ دۆسێیە ده‌ریده‌خات كه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ چۆن ده‌بێت؟ ئایا جێبه‌جێكردنی ئاسان ده‌بێت؟ یان ئه‌وه‌تا حكومه‌ت پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌ له‌م سیاسه‌ته‌ یان له‌م پرۆژه‌یه‌ی كه‌ دایناوه‌؟ ئه‌م سێ دۆسێیەی كه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م ده‌ستیاندایه‌، وای بۆدەچم له‌ئاینده‌دا له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌كه‌ی به‌رچاوڕوونیه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م هه‌موومان. “

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:32 0:00






“ ئه‌وه‌ی كه‌ بیستوومانه‌ به‌ریتانیا سیسته‌می كۆچی یاساییان ئاسانتر و باشتر ده‌كه‌ن “

به‌ڕای تۆ ئه‌م ڕێککەوتنەی نێوان بەریتانیا و ڕواندا‌ ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی خه‌ڵكی كۆچبه‌ر ڕووبكاته‌ به‌ریتانیا له‌پاش ئه‌و هه‌واڵانه‌ی بڵاوبۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌؟

لە وەڵامدا کاروان جەمال تاهیر وتی“ به‌ڕاستی ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه، ‌ چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی كۆچ و جێگۆڕكێ وه‌كو ده‌زانرێت به‌به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌یبیستین ئه‌وه‌یه (به‌ریتانیا به‌نیازن سیسته‌می كۆچی یاساییان چاك بكه‌ن)، چونكه‌ خۆشیان دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ سیسته‌می كۆچی یاساییان زۆر كۆنه‌ و ئاڵۆزه‌ و زۆر زۆر زه‌حمه‌ته‌ بۆ كه‌سێك ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌یاسایی كۆچ بكات بۆ ئه‌م وڵاته‌ ئاڵۆزی زۆری تێدایه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین لێره‌ له‌حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌یان چاك ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ده‌رفه‌تێك ده‌دات به‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆچ بكه‌ن بۆ به‌ریتانیا له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر له‌ قاچاخچیدا خه‌رج بكه‌ن كه‌ ئاینده‌یان نادیاره‌ و ژیانیان له‌ده‌ستی قاچاخچیدایه‌، ده‌توانن ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ له‌وه‌دا خه‌رجی ده‌كه‌ن، خه‌رجی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كۆچی یاسایی دایده‌نێت بۆیان، به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ ئه‌و پاره‌یان له‌وه‌دا خه‌رج بكه‌ن، لەبەرئەوە‌ من به‌ڕاستی هانی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م كه‌ هاوڵاتی ئێمه‌ ژیانی خۆی نه‌خاته‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌ی كه‌ هه‌موو بینیمان له‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌ماوه‌ی پێشوودا ڕوویدا به‌ڕاستی بۆ دوباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كۆچ بكات ئه‌وه‌ ڕێوشوێنی یاسایی هه‌یه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ بیستوومانه‌ به‌ریتانیا سیسته‌می كۆچی یاساییان ئاسانتر و باشتر ده‌كه‌ن. “








XS
SM
MD
LG