Accessibility links

ئەڵمانیا دەیەوێت یارمەتی پەنابەرە ئۆکرانییەکان بدات پارەکانیان بۆ یۆرۆ بگۆڕن


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند بە پێی بەڵگەنامەیەک کە ڕۆژی سێشەممە گەیشتووەتە دەستیان، ئەڵمانیا بە نیازە ڕێگە بە پەنابەرانی ئۆکرانی بدات بۆ ماوەی سێ مانگ دراوی هریڤنیای خۆیان بگۆڕن بۆ یۆرۆ، ئەمەش وەک یارمەتییەک بۆ ئەوانەی ڕووبەڕووی کێشەی گۆڕینی پارە لە بانکەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبنەوە.

بە پێی پلانەکە، حکومەت مەترسی ڕێژەی ئاڵوگۆری دراوەکە دەگرێتە ئەستۆ کە وایکردبوو بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆری دراو لە دوای هێرشی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا خۆیان لە وەرگرتنی دراوی ئۆکرانی دووربگرن.

نامەی بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا بۆ لیژنەی بودجەی پەرلەمان ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی دارایی ئامادەیە بڕی زیاتر لە 52 ملیۆن یۆرۆ (56 ملیۆن دۆلار) بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکات.

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "لە وەتای شەڕ لە ئۆکرانیا هەڵگیرساوە، ئاڵوگۆڕی دراوی نیشتیمانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕاوەستاوە، چونکە بانکە بازرگانییەکان لە زیانی ڕێژەی ئاڵوگۆرەکە دەترسن."

بە پێی ئەو بڕیارە پەنابەرانی سەروی هەژدە ساڵی ئۆکرانی دەتوانن تا 10,000 هریڤنیا (339 دۆلار) لە ماوەی سێ مانگدا بۆ یۆرۆ بگۆڕن.

نزیکەی 360 هەزار پەنابەر بۆ دەربازبوون لە جەنگی ئۆکرانیا ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو پەنابەرانە تەمەنیان لە سەروی هەژدە ساڵەوەیە.

وەزارەتی دارایی پێشبینی دەکات کۆی گشتی ژمارەی پەنابەرەکان نزیکەی 500,000 کەس بێت.

بانکی ناوەندی ئۆکرانیا دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی یەدەگی سنوورداری دراوی بیانی خۆی ئاڵوگۆڕەکانی دراوی لەو وڵاتەدا هەڵپەسارد و ئەمەش بەو مانایە کە دامەزراوە و بانکەکانی یەکێتی ئەوروپا بە هۆی ترس لە زیانی دارایی ئامادە نەبوون ئاڵوگۆری دراوی ئۆکرانیا بکەن.

کۆمسیۆنی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەک بەشێک لە یارمەتیە مرۆییەکان پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕێگا بە هەر پەنابەرێکی ئۆکرانی بدرێت دراوی خۆی تا بەهای 300 یۆرۆ ئاڵۆگۆڕ پێبکات.

XS
SM
MD
LG