Accessibility links

زیاتر لە بیست کۆچبەر بێسەروشوێنن دوای نوقمبوونی کەشتییەکەیان لە ئیسپانیا


هێزەکانی پاسەوانی دەریایی ئیسپانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند بەلەمێکی کۆچبەران لە زەریای ئەتلانتیک لە دوورگەکانی کەناری وڵاتەکە ژێرئاو کەوتووە و بەهۆیەوە کۆچبەرێک گیانی لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

دوای وەرگەڕانی بەلەمەکە ڕۆژی دووشەممە لە دووری 217 کم باشووری ناوچەی گران کاناریا، پاسەوانانی کەنارەکە توانیان تەنیا ٣٤ کەس لە سەرنشینانی بەلەمەکە ڕزگاربکەن.

هەروەها دوو بەلەمی دیکەش کە نزیکەی 63 کەسیان تێدابووە، لەوانە دوو منداڵ لە دەوروبەری زیاتر لە 64 کیلۆمەتری باشوورەوە دۆزرانەتەوە و پاسەوانی کەنارەکە گوتیان هەموو ئەو کەسانەی لەناو بەلەمەکاندا بوون ڕزگارکراون.

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا لە 24ی مانگی 4دا ئاگادارکرانەوە لە بوونی بەلەمێک و 60 کۆچبەری ناو بەلەمەکە لە کابۆ بۆجادۆری لە سەحرای ڕۆژئاوا، ئەو ناوچە کێشە لەسەرەی کە مەغریب بە هی خۆی دەزانێت. پاسەوانی کەنارەکە گوتی تەنها 34 کەس لە کۆچبەرەکانی ناو ئەو بەلەمە دۆزراونەتەوە.

دوو کەشتی بازرگانی و هەلیکۆپتەرێک تاکو گەیشتنی کەشتییەکی ڕزگارکەری ئیسپانی یارمەتی کۆچبەرانیان دابوو.

کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی سێشەممەوە گەیشتوونەتە بەندەری ئەرگۆنیگوین لە گران کاناریا و پاسەوانی کەناری ئیسپانیا گووتی هەموویان خەڵکی ناوچەی سەب-سەحارای ئەفریکا بوون.

دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا نزیکەی ٩٦ کم لە مەغریب دوورن، لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە ناوەندێک بۆ پەڕینەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵ دەدەن بگەنە ئەوروپا.

بە پێی گروپێکی چاودێری ساڵی ڕابردوو نزیکەی 4400 کەس کە هەوڵیان داوە بگەنە ئیسپانیا لە دەریادا نوقم بوون.

کۆی گشتی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2021دا بە بەلەم گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری، 22316 کۆچبەر بوون، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2020 کە ژمارەکەیان 23,271 کۆچبەر بووە نزیکەی هەزار کەس دابەزیووە.

XS
SM
MD
LG