Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئەو داعشانەی شوانە کوردەکان دەڕفێنن، هەندێکیان کوردن


ڕفاندنی شوان و ئازادکردنیان لە بەرامبەر بڕێکی زۆر پارەدا، یەکێکە لە پلانە نوێیەکانی داعش، کە بە تەواوەتی گوندنیشینە کوردەکانی ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینی بێزار کردووە، بەو پێیەی تا ئێستا چەندین شوانیان ڕفێنراوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شوانێکی کوردی دانیشتوی گوندەکانی سەربە ناحیەی زنانە لەلایەن داعشەوە بە 25 هەزار دۆلار ئازادکرا، دوێنێ دووشەممەش، شوانێکی تر لە هەمان ناوچە ڕفێنراو چاوەڕوان دەکرێت داوای پارە لە کەس و کارەکەی بکرێت.

ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، ئەو ناوچانەی داعش شوانەکانی تێدا دەڕفێنێت، هەمان ئەو ناوچەیە کە چەند مانگێک لەمەوبەر هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجامدا و ژمارەیەک بنکەی سەرەکی داعشیان تێدا خاپوورکرد، بەڵام جارێکی تر داعش بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە، بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

عەمید جەمال وارانی فەرماندەی لیوای 144 ی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، زەرەرێکی گەورەمان لە داعشدا و بنکەو بارەگا سەرەکیەکانی ئەو ڕێکخراوەمان لە ناوچەکە خاپور کرد، سێ شوێنمان دیاریکرد هێزی لێ جێگیربکەین، هێزمان لە دوو جێگە جێگیرکرد، بەڵام بە بیانووی پێکهێنانی لیوای هاوبەشەوە، عێراق ڕازی نەبوو هێزی زیاتر جێگیربکەین، کەچی بەهۆی دابین نەکردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە، دوو لیوا هاوبەشەکەش تا ئێستا پێکنەهێنراون."

گوتیشی"11 چەکداری داعش بۆ ناوچەکە گەڕاونەتەوە، شوان و خەڵکی کورد دەڕفێنن و بەرامبەر پارە ئازادیان دەکەن، ئەو چەکدارانەش تێکەڵەن لە کورد، عەرەب، تورکمان و خەڵکی ناوچەکەن و لە دیوی عێراقەوە دێن."

یەکێک لەو ڕووداوانەی وەکو شتێکی سەیر لە ناوچەی سەعدیەی پارێزگای دیالە دەگێڕدرێتەوە، ماوەیەک لەمەوبەر دوای ڕفاندنی لەلایەن داعشەوە، شوانێک بە 50 هەزار دۆلار ئازادکرابوو، بەڵام دواتر لە زنجیرە چیاکانی حەمرینەوە پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کرابوو، گوایە سەد دۆلار زیاتریان وەرگرتووە و داوایان لە کەس و کاری شوانەکە کردبوو، سەردانیان بکات بۆ وەرگرتنەوەی 100 دۆلارەکە، دەنگی ئەمەریکاش پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کرد و زانیاریەکەیان پشتڕاستکردەوە.

سەبارەت بە ژمارەی چەکدارە کوردەکانی نێو داعش لە ناوچەکە، عەمید جەمال وارانی گوتی"هەندێکجار لە 10 چەکداری داعش، 3 چەکدار یان 4 چەکداریان کوردن، عەرەب و تورکمانیشیان تێدایە، کوردی ئێرانیشیان تێدایە و زانیاری وردمان لەسەریان هەیە."

فەرماندەی لیوای 144 پێشمەرگە ڕوونیشیکردەوە، چەکدارە کوردەکانی داعش، تێیاندایە چوار پێنج ساڵێکە و بە خواستی خۆی پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە کردووە، گوتی"هەیانە پێشتر قاعیدە بووە و دواتر بەیعەتی بە داعش داوە."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید جەمال وارانی فەرماندەی لیوای 144 ی پێشمەرگە، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی کە شوانی ڕانەمەڕەکان وەک پێویست گوێ بە ڕێنماییەکانیان نادەن و ڕانە مەڕەکانیان لە بارەگاکانی پێشمەرگە دوور دەخەنەوە و دەیبەنە ئەو ناوچانەی داعشیان تێدایە، گوتی"چەندین جار لەسەر شوان توشی ڕووبەڕوو بوونەوە بووین لەگەڵ داعش، تا ئێستا خۆم و هێزەکەم، سێ شوانمان لە چنگی داعش ڕزگارکردووە، ئەمە جگە لە هێز و لیواکانی تر."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:21 0:00

XS
SM
MD
LG