چالاکوانانی ڕێخراوی ئاشتی سەوز(Greenpeace )لە نەرویج ڕۆژی دووشەممە ڕێگری لە بەتاڵکردنی باری تانکەرێکی نەوتی ڕووسیا لە نزیک ئۆسلۆی پایتەخت دەکەن و گوتیان کە بارەکە یارمەتی دارایی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا دەدات.
ڕێکخراوی ئاشتی سەوز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تانکەرێک بەناوی ئۆست لوگا، کە لە هۆنگ کۆنگ تۆمارکراوە و لەلایەن کۆمپانیای نەوتی ڕووسی نۆڤاتێکەوە بەکرێ گیراوە، هەڵگری 95 هەزار تەن سووتەمەنی بووە بۆ تێرمیناڵی ئیسۆ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی نەرویج.
بەگوێرەی ماڵپەڕی مارین ترافیک، کە هاتووچۆ دەریاییەکان تۆماردەکات، تانکەرەکە لە شارێکی نزیک سەنت پیتەرزبورگەوە بەڕێکەوتووە.
گروپی ئاشتی سەوز گوتیان چالاکوانەکانیان بە بەلەمێکی بچووک خۆیان بە زنجیر بە کەشتییەکەوە بەستۆتەوە. لەهەمانکاتدا چالاکوانانی دیکە لەڕێگەی کایاک یاخود بەلەمی بچووکی دیکەوە لافیتەیان هەڵگرتبوو کە لەسەریان نوسرابوو "نەوت سوتەمەنی شەڕ دابیندەکات."
هەندێ لە چالاکوانانیش پێش ئەوەی بتوانن بەشداری لە چالاکییەدا بکەن لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیران.
فرۆد پڵیم، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاشتی سەوز لە نەرویج لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "من سەرم سوڕماوە کە نەرویج بەندەرێکی ئازادە بۆ هاتوچۆی کەشتییە نەوتییەکانی ڕووسیا ، کە دەزانین پارە بۆ جەنگی پوتن دابین دەکەن".
بە گوتەی وتەبێژێکی ئیسۆ نەرویج، ئەو بارە لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوا لە دژی ڕووسیا کە بە هۆی داگیرکردنی ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێنراوە نەبووە.
ئان فوگنەر بە ڕۆژنامەی دەگبلادێتی گوت "ئەو گرێبەستانە پێش ئەوەی ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات بەستراون."
هەروەها گوتیشی "ئیسۆ نەرویج هیچ گرێبەستێکی دیکەی بۆ بەرهەمەکانی ڕووسیا نییە."
هەرچەندە نەرویج ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نییە، بەڵام لە 18ی مانگی 3وە هەموو سزاکانی یەکێتی ئەوروپای بۆ سەر مۆسکۆ سەپاندووە.
سەرچاوە: فرانس پرێس