Accessibility links

خۆبەخشانی تەندروستی لەسەر دامەزراندنیان هۆشداری دەدەنە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم


خۆبەخشەکانی تەندروستی هەڵەبجە لە گردبوونەوەیەکدا هۆشداری دەدەنە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کە هیچ جیاوازیەک بۆ دامەزارندنی خۆبەخشەکان لە پارێزگاکانی هەرێم نەکرێت. هاوکات بەڕێوەبەرانی کارگێڕی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆبەخشەکان دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆڕونا و کەمی میلاک خۆبەخشەکان بە ئێستاشەوە کەلێنەکانیان پڕکردوەتەوە.

لە بەرامبەر دامەزراندی 100 کەس بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ و 90 کەس بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک و ڕاگرتنی کاری خۆبەخشی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، دەرچووان و خۆبەخشەکانی بەشە پزیشکیەکان بە پشتیوانی بەڕێوەبەرانی یەکە کارگێڕیەکانیان لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پرۆسەی دامەزراندن بۆ دەرچووەکانی پارێزگای هەڵەبجەش ڕابگەیەنێت.

شیروان حەمە ساڵح لێپسراوی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند" داوا لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم دەکەین، کە ڕەنج و ماندبوونەکانی خۆبەخشەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەبەرچاو بگیرێت، لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە پڕکردنەوەی کەم و کورتیەکانی میلاکات."

چنور عەبدولرحمان یەکێک لە خۆبەخشەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا پێویستییەکی زۆر بە ڕاژەی خۆبەخشەکان هەیە، داوا دەکەین بۆ هەڵەبجەش دامەزراند بکرێتەوە و خاڵبەندی و دادپەروەری لە پرۆسەکەدا بەدی بهێنرێت، ئەو کەسانەی کە خۆبەخش بوون، تایبەتمەندیان پێبدرێت.

سنور حامید جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند "داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە کە چۆن دامەزراندن بۆ ئەو دیو دەکرێت بۆ ئەم دیویش بکرێت، لە ساڵی 2018 بۆ 2021 تزیکەی 570 کەس وەک خۆبەخش ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئێستا سەرجەم تیمەکانی پێدانی ڤاکسینمان خۆبەخشن و داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین بەدەم داواکاری ئەم توێژەوە بێت.

بەپێی دوو نوسراوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی ژمارە(2221) لە 17-3-2022 دا 100 کارمەند بۆ بەڕێەوبەرایەتی گشتی تەندروستی زاخۆ دامەزراون و پاڵپشت بە فەرمانێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە91 کەس بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک دامەزراون، سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن فەرمانی دامەزراندنی 40 کەسیش بۆ هەڵەبجە دەرچووە، بەڵام هێشتا پرۆسەی دامەزراندنیان دەستی پێنەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:42 0:00

XS
SM
MD
LG