Accessibility links

ساڵیادی دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا و ڕای چین و توێژە جیاوازەکان


 وێنەی بەشێک لە کارمەندانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا- ساڵی 2005
وێنەی بەشێک لە کارمەندانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا- ساڵی 2005

30 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا تێپەڕدەبێت، کە لە ڕۆژی 24/25-4-1992 و لە پاش شەڕی کەنداو دامەزرێندرا. سەرەتا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا تەنها پێنج کارمەندی هەبوو، ماوەی پەخشی بەرنامەکانیشی لەسەر ڕادیۆ تەنها 15 خولەک بوو.

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دامەزرانیدا، لە ئێستادا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چوارچێوەی ئیش و کارەکانی فراوانتر کردووە و بووەتە خاوەنی بینەر و بیسەرێکی زۆر، بەشێوەیەک بووەتە سەرچاوەی هەواڵ بۆ تەواوی دەنگی ئەمەریکا کە بەرنامەکانی بە زیاتر لە 40 زمان پەخش دەکات.

هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وتی"دەنگی ئەمەریکا یەکێکە لەو میدیا پڕ زانیاریانەی کە خەڵکی هەرێم بۆ ئاگاداربوون لە هەواڵەکانی کوردستان و ناوچەکە، چاویان لەسەریەتی."

وتیشی"دەنگی ئەمەریکا بووەتە سەرچاوە بۆ میدیای کوردی و زانیاریەکانی لێوەردەگرن، چونکە بووەتە میدیایەکی پڕ لە زانیاری، هیوادارم لەداهاتوودا ببێتە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی 24 کاتژمێری."

ڕۆژانە لەڕێگەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیەوە، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا زانیاری ورد دەگەیەنێتە سەرجەم بینەران و بیسەرانی، بە بێ جیاوازی و بەشێوەیەکی هاوسەنگیش ڕای سەرجەم هێز و لایەنە ناکۆکەکان و تەنانەت شەقامیش دەگوێزێتەوە.

عەبدوڵا ئەحمەد سەرنوسەری وێبسایتی کوردنیوز لە سلێمانی، دەڵێت"دەنگی ئەمەریکا یەکێکە لە مینبەرە بەهێزەکانی ڕاگەیاندن، گرنگە بایەخ بە بەرنامەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و پەروەردەیی زیاتر بدات."

جەختیشیکردەوە"خەڵک متمانەی بەهەواڵ و زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا هەیە، چونکە پێچەوانەی زۆرێک لە میدیاکان، دەنگی ئەمەریکا میسداقیەتی هەیە و بەر مەبەنای زانیاری ئیش دەکەن."

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەرنامەکانی فراوانتر دەکات و بەرنامەی کوردکەنێکشن لە دوو ڕۆژەوە بۆ 5 ڕۆژ لەهەفتەیەکدا زیاد دەکات، بەمشێوەیەش مەودای هەواڵ و زانیاریەکانی فراوانتر دەکات.

عومەر عەبدولکەریم بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بینەران و بیسەرانی دەنگی ئەمەریکا، هیواشی خواست دەنگی ئەمەریکا بەم شێوە پرۆفیشناڵیە لە کارەکانی بەردەوام بێت.

عومەر عەبدولکەریم وتی" پێشنیار دەکەم بایەخێکی زۆر بە پرسی جینۆساید و گواستنەوەی دۆخی خراپی خەڵک بدەن."

لای خۆشیەوە ڕزگار فەقێ هونەرمەند و شانۆکار، پێشنیاردەکات دەنگی ئەمەریکا گرنگی زیاتر بە لایەنی هونەری بدات و چالاکیە هونەریەکانی کوردستان وەرگێڕێتە سەر زمانەکانی تر، تا وڵاتانی دونیا بەهونەری کوردی ئاشنا بن، دەڵێت"دەنگی ئەمەریکا بۆشاییەکی زۆری پڕکردووەتەوە و خەڵک متمانەی پێ یەتی."

یەکێک لە ئامانجەکانی دەنگی ئەمەریکا، گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری یە بۆ ئەو وڵات و هەرێم و ناوچانەی کە ئازادی کاری میدیاییان تێدا سنوردار دەکرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:30 0:00

XS
SM
MD
LG