فەرەنسییەکان ڕۆژی یەکشەممە دووبارە ڕوویان کردەوە سندوقەکانی دەنگدان، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنێکدا کە بڕیار دەدات ئایا لایەنگری یەکێتی ئەوروپا، سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن کاندیدی رەوتی میانڕەو لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، یان مارین لێ پێن کاندیدی ڕەوتی راستڕەوە توندەکان سەرۆکی نوێ دەبێت، کە ئەوەش بومەلەرزەیەکی سیاسی لەو وڵاتەدا لێدەکەوێتەوە.
لە دەرئەنجامی ڕاپرسییەکان لە ڕۆژانی دواییدا دەرفەتی بردنەوەی ماکرۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە ڕکابەرەکەی زۆر زیاتربووە.
نزیکەی 48.7 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی فەرەنسا مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، و بنکەکانی دەنگدانیش لە کاژێر 8:00ی شەو بە کاتی وڵاتەکە دادەخرێن، و دواتریش بە گوێرەی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان سەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدەکان دەر دەکەوێت ، و لە پاشاندا براوە ڕوون ئەبێتەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، تەمەن ٤٤ ساڵ، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر هەڵبژاردنەکەی لە مارین لێ پێن بردەوە، هۆشداریداوە لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی لە فەڕەنسا ئەگەر مارین لێ پین بێباتەوە، چونکە سیاسەتەکانی بریتین لە قەدەغەکردنی باڵاپۆشی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا. هەربۆیە ماکرۆن داوای لە دیموکراتی خوازەکانی فەڕەنسا کردووە پشتیوانی بکەن.
هاوکات، مارین لێ پێن، تەمەن ٥٣ ساڵ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جەختی کردبووە سەر گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان کە ئەمەش بارگرانی بۆ هاوڵاتییانی فەرەنسا دروست کردووە.
سەرکەوتنی ماکرۆن لەم هەڵبژاردنەدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتووی ئەوروپا و هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراینا دەبێت. ئەگەر ئیمانوێل ماکرۆن بێباتەوە، ئەوا دەبێتە دووەمین کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا دوای جاک شیراک، دووجار هەڵبژاردنی بەسەریەکەوەی سەرۆکایەتی بباتەوە.