Accessibility links

پاسەوانانی کەناری دەریای ژاپۆن بە دوای کەشتیەکی نقومبووی گەشتیاریدا دەگەڕێن


پاسەوانەکانی کەنار دەریای ژاپۆن و میدیا خۆجێیەکان ڕایانگەیاند پیاوانی فریاکەوتن ڕۆژی شەممە بە دوای بەلەمێکی گەشتیاریدا دەگەڕێن کە 30 کەسی تێدایە، دوای ئەوەی داوای بەهاناوەچوونیان کردووە بەر لەوەی لە نزیک کەناری باکوور ژێر ئاو بکەوێت.

کاربەدەستێکی خۆجێیی پاسەوانی کەنارەکان لە لێدوانێکدا گوتی، پیاوانی فریاکەوتن تیمێکیان پێکهێناوە بۆ بە هاناوەچوونی ڕووداوەکە و گەڕان بە دوای ونبوەکاندا، بەڵام ڕەتیکردەوە وردەکاری زیاتر لە سەر ڕووداوەکە بدات.

دامەزراوەی تەلەفزێۆنی نیشتمانی ئێن ئێچ کەی گوتی تیمی بەڕێوەبردنی بەلەمی (کازوو1) پاسەوانەکانی کەنار دەریای ئاگادارکردۆتەوە کە بەلەمی ناسراو بە (کەوان) ژێرئاو کەوتووە لە نزیک نیمچە دورگەی "شیریتۆکۆ" لە باکوری هووکایدۆ.

تەلەفیزێۆنەکە گوتیشی تیمی بەلەمەکە و سەرنشینانی چاکەتی ڕزگاربوونیان لەبەر بووە، بەڵام کە داوای بەهاناوەچوونیان کردووە گوتوویانە بەلەمەکە بە نزیکەی 30 پلە لاربۆتەوە.

وەک باسدەکرێت پاسەوانەکانی کەنار دەریا پەیوەندیان بە بەلەمەکەوە کردووە، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە داوای فریاکەوتن، فڕۆکەیان بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی سەرنشینان ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

نیمچە دورگەی شیریتۆکۆ پێگەیەکی کەلتوریی جیهانیە لە ساڵی 2005دا یۆنسکۆ دەستنیشانیکرد و بەوە ناسراوە کە چەندین گیانداری کێوی بێوێنەی تێدا دەژی، لەوانە شێری دەریا کە مەترسی نەمانی لەسەرە، هەروەها باڵندە کۆچبەرەکان و ورچی قاوەیی.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG