Accessibility links

نیگەرانی خانمانی ڕۆژنامەوان لە بەرامبەر جیاوازیکردن لە مووچەکانیان بەراورد بە ڕەگەزی بەرامبەریان


ژنان و خانمانی ڕۆژنامەوان لە ڕاپرسیەکدا لە هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکەن، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن جیاوازی لە نێوان مووچەی ژنان و خانمان بەراورد بە ڕۆژنامەوانانی ڕەگەزی بەرامبەریان دەکرێت و توندوتیژی زارەکی و پێنەدانی زانیاری پێیان دوو لە ڕێگریە دیارەکانن لە بەردەم کاری ڕۆژنامەوانی ئەواندا، دەشڵێن بەرەو پێشچوونی باش هەیە لەلایەن ژنان بۆ کارکردن لە بوارە جیاوازەکانی ڕۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە.

لە چوارچێوەی 124 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، ڕادیۆی دەنگی نوێ کە ڕادیۆیەکی سەربەخۆی هەڵەبجەیە و دروشمی بۆ ژنان و لاوانی بەرز کردۆتەوە، ئەنجامی ڕاپرسیەکی تایبەت بە بەشداریکردنی ژنانی میدیاکاری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەڵەبجە ئاشکراد کە ژنانی میدیاکار پێیان وایە جیاوازی لە نێوان مووچەی ئەوان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەریان کراوە و هاوکات لە نێوان ساڵانی 1996بۆ 2021 ژمارەی ڕۆژنامەنوسانی مێینە زیادی کردووە.

ڕەنگین سەلام ڕێکخەری ڕاپرسیەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئاستی بەشداربوونی ژنانی ڕۆژنامەنوس لە کایە ڕۆژنامەوانیەکاندا بەرەو پێش چووە. یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم خانمانی ڕۆژنامەوان لە هەڵەبجە پێنەدانی زانیاریە، توندوتیژی زارەکی و دەروونیش بەرامبەریان ئەمجام دراوە.

شادان حەبیب ڕۆژنامەنوسە لە هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ڕێژەی بەشداری ژنان بەرەوپێش چووە، ژنان لە دەزگاکان بە ویستی خۆیان بەشداریان کردووە، سەرەتا کۆمەڵگە ڕێگری هەبوو، ئێستا تاڕادەیەک بەرەو پێشچووە، هەلی کاریش بۆ ژنان کەمە بە ناچاری بە خۆبەخشی کاردەکەن یانیش بڕە پارەیەکی کەم. هەروەها دەرفەتی کار کەمتر بە خانمان دەدرێت بە بەراورد بە پیاوان، ئەو زانیاریانەی کە بە خانمانی ڕۆژنامەنوس دەدرێت کەمترە."

قەیسەر ڕەحمان بەڕێوبەری ڕێکخراوی نوێ بۆ ژینگە و مافەکانی ژنان کە زۆرترین کچان و ژنان لە خانەخوێ و ئاوارەکانیان کۆکردۆتەوە و لە ڕێگەی ڕادیۆکەیانەوە پەیامەکانیان دەگەیەنن لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ڕادیۆی دەنگی نوێ لەلایەن خانمانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاوارەکانی هەڵەبجەش لە ڕادیۆکەدا کە لە سوریا و عێراقەوە هاتبوون، پەیامی خویان لە ڕێگەی بەرنامەی تایبەت بەخۆیانەوە گەیاندووە."

بەپێی ڕاپرسیەکە 31.8% ی بەشداربووەکانی پێیانوایە ڕێگریە کۆمەڵایەتیەکان بوونەتە هۆکاری لەدەستدانی کارەکەیان و 90% بەشداربووان ئاماژەیان بەوەکردوە ڕووبەڕی هیچ گێچەڵێکی سێکسی نەبوونەتەوە، لە بەرامبەردا 22.7% ئاماژەیان بەوە کردووە توندوتیژی زارەکیان بەرامبەر کراوە، چوار ڕادیۆ و سێ تەلەفزیۆنی ناوخۆیی لە ڕاپرسیەکەدا بەشداربوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:56 0:00

XS
SM
MD
LG